جۆن کێری: ئێران بە چەندین ساڵیش ناتوانێ چەکی ئەتۆمی بشارێتەوە

جۆن کێری: ئێران بە چەندین ساڵیش ناتوانێ چەکی ئەتۆمی بشارێتەوە
لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و رۆژئاوادا، ماوەی ٢٤ رۆژ دەرفەت دراوە بە ئێران، کە پێش چوونی چاودێران و کارناسانی ئاژانسی ئەتۆمی بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە خۆی ئامادە بکات.

ئەمە یەکێک لە خاڵانەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ١٤ی تەمووزی نێوان ئێران و رۆژئاوایە، کە بنیامین نەتانیاهۆ بە توندی دژایەتیی دەکات و بڕوای وایە کە ئێران لەو دەرفەتە ٢٤ رۆژیەدا دەتوانێ هەموو نهێنیەکانی پەوەندیدار بە تاقیکاری و بەرنامە ئەتۆمییە قەدەغەکراوەکان بشارێتەوە.

بەڵام جۆن کیری ئەو نیگەرانییە بە نەگونجاو دەزانێت و دەڵێت "چەک و تاقیکارییەکانی پەیوەندیدار بە چەکی ئەتۆمی شتێک نییە، کە بە ٢٤ رۆژ و بگرە بە چەندان ساڵیش بشاردرێتەوە. تەنانەت ئەگەر ئەو شتانە بنخاکیش بکرێن و سەریان کۆنکرێت بکرێت، هێشتا هەر شیاوی دۆزرانەوە و ئاشکرا بوونن".

جۆن کێری هەروەها راگەیاند کە لەلایەن محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە لە بەیروتەوە پەیامێکی پێگەیشتووە، بەڵام هیچ ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پەیامەکە نەکرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی ئەوەشی کرد، کە شێوازێکی نوێ بۆ چاودێریکردن جێگای کارناسانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتەوە و ئەمریکا و هاوپەیمانانی چاودێرییەکی زیاتر دەخەنە سەر چالاکیی ئەتۆمیی ئێران.





رووداو
Top