نەتەوەیەکگرتووەکان: لە ماوەی حەوت رۆژدا 9 هەزار کۆچبەر چوونەتە یۆنان

نەتەوەیەکگرتووەکان: لە ماوەی حەوت رۆژدا 9 هەزار کۆچبەر چوونەتە یۆنان
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەماوەی حەوت رۆژی رابردوودا ٩ هەزار کۆچبەر لە وڵاتانی جیاجیاوە روویان لە یۆنان کردووە، هۆشداریش دەدات رێکخراوەکەیان توانای بەهاناوەچوونی خێرای ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەریان نییە.

بەگوێرەی ئامارێک ئەمساڵ ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی روویان لە یۆنان کردووە لە ژمارەی ئەوانەی روویان لە ئیتاڵیا کردووە زیاترە، ئەمەش لە کاتێکدایە هێشتا یۆنان لە قەیرانی ئابووری دەربازی نەبووە، بەو هۆیەوەش خەریکە قەیرانێکی دیکە بەرۆکی ئەو وڵاتە دەگرێت.

دەرگای بانکەکانی یۆنان دادەخرێن و دەکرێنەوە. گیرفانی بەتاڵی هاووڵاتیانی یۆنانیش ئومێدی پڕبوونەوەی زۆر نییە. یۆنانییەکان گرفتاری قەرزداری و قەرزکردنی زۆرترن، بەڵام لێقەوماوانی جیهان پەنایان بۆ دەبەن و هێشتاش لەدەرگایان دەدەن. بەپێی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەماوەی مانگێکدا تەنیا لەڕێگەی تورکیاوە 80 هەزار کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە یۆنان.

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت قەیرانی دارایی یۆنان وادەکات فریاگوزارییەکان لەکاتی خۆیاندا نەگەنە کۆچبەران. لاورا پادۆوان، لە دوورگەی لێسبۆس-ی یۆنانییەوە کە زۆرترین کۆچبەری لێن، رایگەیاند: "بانکەکانی یۆنان پارەیان تێدا نامێنێت. ئەمەش وادەکات نەتوانین کاری رۆژانەمان بکەین، چونکە پارەی ئێمەش لەسەر ژمارەی بانکیی یۆنانین و ئەگەر پارە لە بانکدا نەبێت ناتوانین رایکێشین".

حکومەتی یۆنان بەو رەوشەوە کە وڵاتەکەی تێیدایە چاوەڕوانی ئەو شەپۆلە گەورەیەی هاتنی کۆچبەرانی نەکردووە. بۆیە ناتوانن زوو فریای ئەو کۆچبەرانە بکەون کە لەڕێگەی دەریاوە هەوڵدەدەن بێنە ناو یۆنان. لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا 19 کۆچبەر لە دەریادا خنکاون و تیمەکانی پۆلیسی دەریایی یۆنان رزگاریان نەکردوون.

ئەو کەمپانەی حکومەتی یۆنان بۆ حەواندنەوەی کۆچبەران دروستیکردوون پڕبوون و هیچ خزمەتگوزارییەکیشیان پێناگات. هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی یۆنان هەیە بۆ گەیاندنی خۆراک و خزمەتگوزاری، بەهۆی بێپارەیی حکومەتەوە ناتوانن بە رێکوپێکی کارەکانیان بکەن.

کۆچبەران لە کەمپەکاندا بێزارن و میدیاکانی یۆنان باسی پێکدادانی نێو ئەو کەمپانە دەکەن. حکومەتی یۆنان و نەتەوەیەکگرتووەکان هۆکاری دروستبوونی کێشەکە دەزانن، بەڵام ناچارن چاوەڕێ بن تاوەکو قەیرانە گەورەترەکە، کە قەیرانی داراییە، چارەسەر ببێت.




























رووداو
Top