تەقینەوەیەکی بەهێز لەناو جەرگەی قاهیرە روویدا
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تەقینەوەکە لەشەقامی جەلا لەنزیک دادگای باڵای میسر و کۆنسوڵخانەی ئیتاڵیا لەناوجەرگەی قاهیرە روویداوە.
دوای تەقینەوەکە دوکەڵێکی چڕ لەشوێنی رووداوەکە بەرزبووەوە و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی تەقینەوەکە، سەرچاوەیەکی تەندروستی میسریش ئاشکرای کرد " بەهۆی ئەوەی، کە تەقینەوەکە بەرەبەیانێکی زوو روویداوە، تەنیا 5 کەس برینداربوونە، کە دوانیان پۆلیسن".
سەرچاوە ئەمنییەکانی میسر لەبارەی تەقینەوەکە رایانگەیاند : تەقینەوەکە بەهۆی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوەبووە و بەشێکی کۆنسوڵخانەی ئیتاڵیا لە قاهیرە لەئاکامی بەهێزیی تەقینەوەکە رووخاوە".
دوای سەپاندنی فەرمانی لەسێدارەدان لەلایەن دادگای میسرەوە بەسەر محەممەد مورسی، سەرۆکی لەکارلادراوی میسر و سەرکردەکانی دیکەی ئیخوان، ماوەیەکە دادگا و دادوەرەکانی میسر کراونەتە ئامانج و رۆژی دووشەممە 29-6-2015 لەئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراودا بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی، هیشام بەرەکات، داواکاری گشتی میسر، ناوبراو خۆی و دوو لە پاسەوانەکانی برینداربوون، دواتریش هەواڵی گیانلەدستدانی بەهۆی سەختی برینەکانی بڵاوکرایەوە.
روداو