جۆن كێری: ناتوانین ھەتا ھەتایە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین
جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە ڤییەنا رایگەیاند: "تەنیا بۆ ئەوەی كە درێژە بە دانوستانەكان بدەین لێرە ئامادە نیم، بەڵكو بەھۆی ئەوەیەوە بڕوامان بەوە ھەیە كە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن ھەنگاوی باشمان ناوە لێرەین".
وتیشی: "دوێنێ لەگەڵ سەرۆك ئۆبامادا قسەم كردووە و پێشتریش ئاماژەم پێكردووە، ناتوانین ھەتا ھەتایە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند: "دانوستانەكان لە ئاستی تەكنیكیدان بۆیە ئەگەری روودانی كێشە و گرفتی زۆریش لە ئارادایە ھەر چەند كات نیوەی شەویش بێت بە ئاسانی لەسەر مێزی دانوستان ھەڵناسینەوە. ئێمە دەمانەوێت لە كۆتاییدا بگەینە رێككەوتنێكی باش بۆیە پەلە ناكەین و نامانەوێت كەسیش پەلە بكات".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتیشی: "بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتنی كۆتایی ھەوڵ بۆ چارەسەركردنی پرسگەلی دژوار دەدەین".
لای خۆشیەوە، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی كردووەتەوە كە "بۆ كۆتاییھێنان بە كارەكان زۆر بە چڕی ھەوڵ دەدەدین بەڵام پەلەمان نییە".
نووسیویشیەتی: "بۆ كۆتاییھێنان بە ئەركەكانمان پێویستە زیاتر كار بكەین، پەلە ناكەین، لێرە دەنووسم كە ئەسپ ناتوانێت رێڕەوی رووبار بگۆڕێت".
زەریف، دواتر لە باڵكۆنی ھۆتێلەكەدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عیراقچیدا گفتوگۆی كرد و زەریف لە بەرامبەر پێداگریی رۆژنامەنووسان بۆ وڵامدانەوەی پرسیارەكانیان تەنیا دەستی بەرز كردەوە.
هەروەها لوران فابیوس وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەنووسانی وت: "پرس و كێشەگەلی زەحمەت ھێشتا بەردەوامن بۆیە بڕیار دراوە تا بەیانی درێژە بە دانوستانەكان بدرێت".
جێی باسە، بەپێی رێككەوتنی سەرەتایی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی كە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٤ ئیمزا كراوە، دەبوو تا ٢٠ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٤ رێككەوتنی كۆتایی واژۆ بكرێت، بەڵام بەھۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان ماوەی یەك ساڵە كاتەكە درێژ دەكرێتەوە، دواجار كاتی دانوستانەكان كە حەوتی تەمووز بوو بۆ ١٠ی تەمووز درێژ كرایەوە.
خەندان