گەرانەوەی فرۆکەکانی بەلجیکا لە شەری دژی داعەش کاتیە

گەرانەوەی فرۆکەکانی بەلجیکا لە شەری دژی داعەش کاتیە
لە درێژەی کار و چاڵاکیەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، دلاوەر خالد ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە گەڵ شاندی نوێنەرایەتی سەردانی پەرلەمانی بەلجیکای کرد و لە لایەن بەرێز (دیرک ڤان دێر مالن) سەرۆکی لێژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فێدێرالی بەلجیکا پێشوازیان لێوە کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکە دلاوەر خالد ئاژگەیی سوپاسی پەرلەمانی بەلجیکای کرد بۆ بانگێشت کردنی وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لێیان لە سەر رۆڵ و پشتگیری بەلجیکا لە هەرێمی کوردستان لە شەری دژی داعش کە لە ئەنجامدا وەزیری دەرەوەی بەلجیکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە داوا لە پەرلەمانی بەلجیکا کرا کە فشاری زیاتر بخاتە سه‌ر حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ پشتگیری زیاتری سەربازی و وەرگرتنی بەشێک لە پێشمەرگە بریندارەکان بۆ چارەسەری.

بەشێکی تری دیدارەکە تەخانکرابوو بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ سەربەخۆیی ئابووری کە پێویستە بۆ دابین کردنی موچەی هاووڵاتیانی کوردستان و شەری دژی داعش و ئاوارەکان.

بەرێز (دیرک ڤان دێر مالن) سەرۆکی لێژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی پەرلەمانی فێدێرالی بەلجیکا بە شاندی نوێنەرایەتی راگەیاند کە بەلجیکا خۆی لە هاوپەیمانی شەری دژی داعش نەکشاندۆتەوە و لە گەڵ هۆلەندا رێککەوتووە کە هەر یەکەیان بە نۆبەت ساڵێک نا ساڵێک فرۆکەکانیان بنێرن بۆ بنکەی ئاسمانی لە ئۆردۆن بۆ بەشداری لە شەڕ و پشتگیری هێزی پێشمەرگە لە ئاسمان و ئەوان بەردەوام دەبن لەو پشتگیریەیان.

لە کۆتاییدا دلاوەر ئاژگەیی بانگێشتی پەرلەمانی فێدێرالی بەلجیکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی باشتر لە نێوان هەردوو لادا.
Top