سەرۆکی FBI لە کۆنگرێس: داعش بە شیفرەی ئەلیکترۆنی نابەزێت
جێمس کۆمی لە گوتارێکدا لە پێش لیژنەی ئەمنی لە کۆنگرێسی ئەمریکا راشیگەیاند:" رێکخراوە تیرۆریستییەکان و لەپێش هەمووشیانەوە داعش بەشێوەیەکی فراوان پرۆگرامەکانی بەکۆدکردنی ئەمنی بەکاردەهێنن بۆ رێگەگرتن لە هاککردنی داتا و زانیارییە تایبەتەکانیان و ئامرازەکانی پەیوەندیکردنی نێوان کە بۆ رێکخستنی چەکدارانی نوێ بەکاریان دەهێنن ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەیە لە پێش دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەمریکا و جیهان".
بەڕێوەبەری فەرمانگەی فیدراڵی لێکۆڵینەوە لە ئەمریکا (FBI) گوتیشی: " ئێمە رووبەڕووی رێکخراوێک بووینەتەوە هاوشێوەی رێکخراوەکانی سەردەمی باپیران نییە وەک رێکخراوی قاعیدە، داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ رێکخستنی لایەنگری نوێ و گورگە تەنیاکان بەکاردەهێنێت، ئەو لایەنگرانەی کە بە بڕیاری خۆیان هێرش ئەنجامدەدەن".
بەرپرسە ئەمنییەکەی ئەمریکا ئاماژەشیکرد کە "ئەوانەی بە رێگەی بەرنامە جیاجیاکانی مۆبایلی زیرەک پەیوەندی بە داعشەوە دەکەن ئەو بەرنامانەی کە بە جۆرێک لە سیستەمی کۆدینگ پارێزراون ئەو پەیوەندییانە دوورە دەستی دامەزراوە ئەمنییەکان دەهێڵنەوە، ئێستا 21 هەزار کەس هەن کە لینکیان لەگەڵ پێگەکانی داعش لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر هەیە و هەمووشیان بە ئینگلیزی قسە دەکەن، ئەمەش هەلێکی باشە بۆ داعش بۆئەوەی ئەو کەسانە لە ریزەکانی خۆی رێکبخات".
رووداو