به‌بێ حوسییه‌كان، كۆنگره‌ی جنێف ده‌ستپێكرد

به‌بێ حوسییه‌كان، كۆنگره‌ی جنێف ده‌ستپێكرد
هێشتا وه‌فدی چه‌كدارانی حوسی و عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح، سه‌رۆكی له‌سه‌ركارلابراوی یه‌مه‌ن نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ جنێف و سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش له‌گه‌ڵ وه‌فدی حكومیی ئه‌و وڵاته‌ كۆبووه‌وه‌.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 15ی حوزه‌یرانی 2015، بان كی مۆن، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی گفتوگۆكانی جنێف-ی به‌بێ ئاماده‌بوونی حوسیه‌كان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌وانیش له‌ گفتوگۆكانی تایبه‌ت به‌ دۆخی یه‌مه‌ن ئاماده‌بوونایه‌.

بان كی مۆن رایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت به‌په‌له‌ كۆتایی به‌قه‌یرانی یه‌مه‌ن بهێنرێ و داوایكرد ده‌ستبه‌جێ ئاگربه‌ست له‌و وڵاته‌ بكرێت و چه‌كداره‌كان له‌ شاره‌كان بكشێنه‌وه‌، به‌گرنگیشی زانی به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆز، هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بگه‌یه‌نرێته‌ لێقه‌وماوانی ئه‌و وڵاته‌ و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیش پشتیوانی پرۆسه‌كه‌ بێت.

سایتی ئیلاف له‌زاری سه‌رچاوه‌ دیپلۆماسییه‌كان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ گه‌شتی وه‌فدی هاوبه‌شی چه‌كدارانی حوسی و عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح دواكه‌وتووه‌، ئه‌وه‌شی پشتڕاستكرده‌وه‌ كه‌ وه‌فده‌كه‌ له‌ پێنج كه‌س پێكهاتووه‌ كه‌ دوانیان حوسییه‌ شیعه‌كان و دوانی دیكه‌ش سه‌ربه‌ عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح و ئه‌وی تریس حه‌سه‌ن زه‌ید-ی سه‌رۆكی حزبی (حه‌ق)ی شیعه‌یه‌ و فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌نیازه‌ بۆ جنێف بیانگوازێته‌وه‌.

ئه‌و وه‌فده‌ی ئێستا له‌ جنێفه‌ و ناوی (شه‌رعیه‌ت)ی له‌خۆی ناوه‌، داوای جێبه‌جێكردنی بڕیاری 2216ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، نه‌ك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حوسییه‌كان، چونكه‌ ئه‌و وه‌فده‌ خۆی به‌ ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعیی یه‌مه‌ن ده‌زانێ و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ حوسیه‌كان و لایه‌نگرانی ساڵح ده‌سه‌ڵاتیان لێ زه‌وت كردووه‌.


























خه‌ندان
Top