سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (سه‌لیم جبوری) ده‌چێته‌ ئه‌مریكا

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (سه‌لیم جبوری) ده‌چێته‌ ئه‌مریكا
دوای سه‌ردانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی به‌رپرسانی كورد و عیراق بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ماوه‌ی داهاتووشدا، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات.

عه‌بدولعه‌زیم عه‌جمان، سه‌ركرده‌ له‌ ئیئتیلافی هێزه‌ نیشتمانییه‌كانی سوننه‌ راگه‌یاند كه‌ سه‌لیم جبوری له‌ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو، سه‌ردانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات و واده‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌ش، پێشتر و له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی پێشووی بۆ ئه‌و وڵاته‌ دیاری كرابوو.

به‌وته‌ی عه‌جمان، ئه‌مجاره‌، سه‌لیم جبوری وه‌ك سه‌رۆك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌چێته‌ واشنتۆن و به‌نیازه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ دۆخی عیراق و دۆسیه‌ی پڕچه‌ككردنی هۆز و عه‌شیره‌ته‌كان تاووتوێ بكات.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی جبوری، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ پرۆژه‌یاساكه‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا بۆ پڕچه‌ككردنی كورد و هێزه‌ سوننه‌كان نییه‌ كه‌ مشتومڕێكی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.

له‌ماوه‌ی رابردوودا هه‌ریه‌ك له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و دواتر مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و راسته‌وخۆ دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ش، رافع عیساوی سه‌ركرده‌ی داواكراوی سوننه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌، سه‌ردانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایان كرد و ئێستاش سه‌لیم جبوری به‌نیازه‌ بچێته‌ واشنتۆن.






















خەندان
Top