کۆمیسیۆنی ئەمریکایی: زیاتر لە 300 چالاکوانی مەزهەبی سوننە لە گرتووخانەکانی ئێرانن

کۆمیسیۆنی ئەمریکایی: زیاتر لە 300 چالاکوانی مەزهەبی سوننە لە گرتووخانەکانی ئێرانن
کۆمیسیۆنی ئەمریکایی بۆ ئازادیی مەزهەب و ئایین لە جیهاندا لە شازدەیەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بڵاوی کردووەتە کە دۆخی ئازادیی مەزهەب لە ئێران لە ساڵی 2014دا لە پێشوو زۆر خراپتر بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەو کاتەوەی کە حەسەن ڕۆحانی وەک سەرکۆمار هەڵبژێردراوە، هیچ پێشکەوتن و کرانەوەیەک لە بواری ئازادیی مەزهەبدا لە ئێران بەدی نەکراوە.

لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئەمریکایی بۆ ئازادیی مەزهەب و ئایین لە جیهاندا باس لەوەش کراوە، وڵاتانی وەکوو ئێران، سعوودیە، تورکیا، چین، کووبا، عێراق، سووریا، تاجیکستان و ئەفغانستان خراپترین وڵاتت لەبواری ئازادیی مەزهەبدا.

لە راپۆرتەکەدا نووسراوە کە سیستەمی سیاسی لە ئێران سەرچاوە گرتوو لە مەزهەبە و ئەو سیستەمەش بە بەردەوامی دژایەتیی ئایینەکانی دیکەی بەتایبەت یەهوودی کردووە و وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو مەزهەبە بووە.

لە پێنج ساڵ لەمەوبەرەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئێرانی خستبووە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کە مەترسییان بۆ سەر مەزهەب و ئایینەکانی دیکە دروست کردووە و کۆمیسیۆنی ئەمریکایی بۆ ئازادیی مەزهەب و ئایین لە جیهانیشدا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ناوی ئێران لەو ڕیزبەندەدا بمێنێتەوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییەدا هاتووە، تاران لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە یاسا دینییەکان بە بەردەوامی درێژەی بە سەرکوتی کەمینە ئایینییەکانی دیکەی ناو ئێران داوە.

راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، لە ئێران کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکانی وەکوو بەهایی، مەسیحی، سوننە، یەهوود، زەرتەشت، یارسان و چەندین ئایینی دیکە نەیانتوانیوە بە ئازادانە کەڵک لە ئایینەکەیان وەربگرن و زەخت و گوشارییان خراوەتە سەر.

چالاکوانانی سوننە مەزهەب بەرەوڕووی سێدارە دەبنەوە

چالاکوانانی کوردی مەزهەبی سوننە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بە بەردەوامی زەخت و گوشارییان لەسەرە و زۆر جاریش لەسێدارە دەدرێن، چالاکوانی کورد باوەڕییان وایە كوشتن و لەسێدارەدانی زیندانیە مەزهەبییەکان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناكۆكیی میللی ـ مەزهەبی زیاتر لە ئێران و بەتایبەت لە ناوچە كوردنشینەكان.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بڵاو کراونەتەوە، نزیکەی 45 زیندانیی سوننە مەزهەبی کورد و بەلووچ بە تۆمەتی موحاربە، هەوڵدان بەدژی تەناهیی نەتەوەیی حوکمی سێدارەییان بۆ بڕاوەتەوە.

لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا 7 چالاکوانی مەزهەبیی سوننە لە ئێران لەسێدارە دراون، هەروەها حوکمی زیندان و سێدارەش (لە یەک ساڵدا) بۆ 11 چالاکوانی دیکەی مەزهەبیش بڕاوەتەوە.

لە حاڵی حازردا زیاتر لە 300 چالاکوانی مەزهەبی سوننە لە گرتووخانەکانی ئێرانن و ٣٠هاووڵاتیی كوردی پەیڕەوی مەزهەبی سوننە لە زیندانەكانی رەجایی‌شار، قزڵحەسار و سنە چاوەڕوانیی جێبەجێ‌ كردنی حوكمی لەسێدارەن کە نێونجی تەمەنیان لە نێوان 25 هەتا 40 ساڵ دایە.

لەم بارەوە ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندبوو، حوكمی ئەو گەنجە كوردانە لە دادگا دە خولەكییەكاندا دراوە و بۆ ماوەیەكی دوورودرێژیش (9 هەتا 30 مانگ) لە گرتنگەكانی وەزرارەتی ئیتلاعات لەژێر ئەشكەنجەدا بوون.
چین، ئێران، کوریای باکوور، عەرەبستان، پاکستان و چەندین وڵاتی دیکە لەو شوێنانەن کە بە پێی لێکۆلینەوەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی وەکوو “لێبوردنی نێودەوڵەتی” زۆرترین سزای سێدارەیان تێدا بەڕێوە دەچێت و ئەو کەسانەش کە حوکمی لەسێدارە دانەکانیان بەڕێوە چووە لە بنەماڵە هەژار و سەر بە نەتەوە بندەست و کەمینە مەزهەبییەکانن.

حەسەن رۆحانی لە بانگەشە هەڵبژاردنییەکانیدا بە بەردەوامی باسی لە کەم کردنەوەی توندوتیژی و هێنانە ئارای سیستەمێکی گونجاو و بوار پێدان بە دەربڕینی بیرورا دەکرد و رەخنەشی لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی نۆیەم و دەیەمی ئەحمەدی نژاد دەگرت. تەنیا لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای دەوڵەتدارێتیی حەسەن رۆحانیدا 145 هاووڵاتیی لە وڵاتی ئێراندا لەسێدارە دران.
Top