دادگا سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر مورسی دا سەپاند

 دادگا سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر مورسی دا سەپاند
دادگای تاوانی قاهیرە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢١-ی نیسان سزای ٢٠ ساڵ زیندانی بەسەر محەممەد مورسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتەدا سەپاند.

ئەمڕۆ دادگەی تاوانی قاهیرە، بۆ راگەیاندنی حوکمی محەممەد مورسی سەرۆککۆماری پێشوو و ژمارەیەک لە سەرانی ئیخوانولمسلیمینی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و لە ئەنجامدا، سزای ٢٠ ساڵ زیندانی سەپاند بەسەر محەمەد مورسیدا.

بەپێی راپۆرتی میدیاکانی میسر، ئەکادیمیای پۆلیسی قاهیرە، لە پێش دانیشتنەکەی دادگاوە، ڕێوشوێنی ئەمنیی توندی گرتۆتەبەر.

پۆلیسی قاهیرە پێش دەستپێکرانی کۆبوونەوەی راگەیاندنی حوکمی مورسی، بە سەگی پۆلیس، بە وردی پشکنینی لە دەوروبەری دادگەی قاهیرە و ئەکادیمیای پۆلیس کردووە.

مورسی و ژمارەیەک لە سەرانی ئیخوانولموسلیمینی میسر، تاوانبارن بە بەشداری و رێبەرایەتیکردنی کوشتاری نەیارانی دەوڵەتی مورسی کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ لە بەردەم کۆشکی سەرۆک کۆماریی میسردا کۆبووبوونەوە.

ئەحمەد سەبری، سەرۆکی دادگای تاوانی میسر، ئەمڕۆ مۆڵەتی بە پەیامنێرانی سەرجەم میدیا و راگەیەندراوەکان دابوو کە لە دادگاکەدا ئامادەببن.

دادگای تاوانی میسر، لە ١١ی ئەم مانگەشدا، حوکمی سێدارەی محەممەد بەدیع، رێبەری ئیخوانولموسلیمینی میسر و چەن ئەندامی دیکەی ئەو رێکخراوەی، پشتراست کردەوە.







رووداو
Top