ئەردۆغان هێرشکردنە سەر بارەگای HDP شەرمەزاردەکات
رەجەب تەییب ئەردۆغان لەبارەی ئەو هێرشەی کە رۆژی 18 ی نیسانی 2015 کرایە سەر بارەگای سەرەکی پارتی دیموکراتی گەلان HDP لە چانکایەی ئەنقەرە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. ئەردۆغان لەبەیاننامەکەیدا بە تووندی ئەو هێرشە شەرمەزاردەکات و ئاماژە بەوە دەکات: "هێرشی ترسنۆکانە هیچ کاتێک بە ئامانجی خۆی ناگات".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "بەتووندی ئەو هێرشە شەرمەزاردەکەم کە رۆژی شەممە کرایە سەر بارەگای سەرەکی پارتی دیموکراتی گەلان. لە سایەی سەقامگیری و ئاشتی وڵاتەکەمان، ئەو هێرشکردنە ترسنۆکانەیە بۆ سەر دیموکراتی هیچ کاتێک بە ئامانجی خۆی ناگات".
رۆژی 18 ی نیسانی 2015 لەبەرەبەیاندا ئۆتۆمبێلێک کە چەند چەکدارێکی تێدابوو، بەبەردەم بینای سەرەکی HDP دا تێپەڕی و دەستڕێژی گوللەی لە بارەگاکە کرد، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، وەک لە دیمەنەکانی کامێرای چاودێریدا دەرکەوت، پاسەوانی بیناکە هاوکات لەگەڵ تەقەکردنە دێتە دەرەوە و تەقە لە ئۆتۆمبێلەکە دەکاتەوە.
رووداو