سەربازێكی تری سعودیە لەسەر سنووری یەمەن کوژرا

 سەربازێكی تری سعودیە لەسەر سنووری یەمەن کوژرا
سەربازێکی دیکەی سعودی لەسەر سنووری نێوان سعودیە و یەمەن کوژرا. بە کوژرانی ئەو سەربازەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی سعودیە لە کاتی دەستپێکردنی هێرشەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەر یەمەن گەیشتە حەوت سەرباز.

ئەحمەد عەسیری، جێگری وەزیری بەرگری عەرەبستانی سعودیە، کە هاوکات گوتەبێژی هاوپەیمانێتی دژی حوسییەکانیشە (گەردەلوولی یەکلاییکەرەوە)، کە لەلایەن سعودیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کوژرانی سەربازێکی دیکەی سعودیەی راگەیاند، کە دەبێتە حەوتەمین سەربازی سعودیە، کە لە شەڕەکەدا کوژرابێت.

عەسیری گوتیشی "سەبازەکە لەئاکامی شەڕوپێکدادانی نێوان سوپای سعودیە و چەکدارانی حوسی لەسەر سنووری نێوان یەمەن و سعودیە کوژراوە".

سعودیە لەترسی ئەگەری هەر هێرشێکی حوسییەکان بۆ سەر وڵاتەکە، لە سنووری نێوان خۆی و یەمەن هێزێکی زۆری سەربازی بە تانک و زرێپۆشەوە جێگیرکردووە و سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکەش چاوەڕوان دەکرا سعودیە هێرشی زەمینی ئەنجامبدات، بەڵام تاکو ئێستا تەنیا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراوە.
Top