ئەلقاعیدە فڕۆخانەیەک لە یەمەن کۆنترۆڵ دەکات
ئەو بەرپرسە یەمەنییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاشکرایکرد چەکدارانی سەر بە لقی یەمەنی ئەلقاعیدە دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی رەیان لە شاری موکەڵڵادا گرتووە.
پێشتر ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەکە و نزیک شاری موکەڵڵا لە ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی ئەو رێکخراوەدا بووە، بە گوتەی بەرپرسەکەش، قاعیدە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەکە رووبەڕووی هیچ بەرگرییەک نەبووەتەوە و ئەمەش بەو مانایەیە رێکخراوەکە لەو ناوچەیەدا لایەنگرییەکی تەواوی لێدەکرێت.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هاوپەیمانێتی وڵاتانی عەرەبی لە هێرشەکانیاندا هیچ بنکە و بارەگایەکی رێکخراوی قاعیدەیان نەکردووەتە ئامانج.
پێشتریش وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، هۆشداری دابوو، کە رەنگە قاعیدە پشێویی نێوخۆیی یەمەن بقۆزێتەوە بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانی لەو وڵاتەدا. ئەمەش لە کاتێکدا ستافی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە یەمەن کشاونەتەوە.
فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لە چەند ساڵی رابردوودا بۆردوومانی بنکە و بارەگاکانی قاعیدە لەم وڵاتەیان کردووە، بەهۆی ئەم بۆردوومانانەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە چەکدار و سەرکردەکانی ئەم رێکخراوە کوژراون.
رووداو