ئێران: بڕیارەکەی کۆنگرێس پەیوەندی بە ئێمەوە نییە

ئێران: بڕیارەکەی کۆنگرێس پەیوەندی بە ئێمەوە نییە
بڕیاری کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کاردانەوەی دەوڵەت و کاربەدەستانی ئێرانی بەدواوە بوو، سەرۆککۆمار و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دوو لێدوانی جیاجیادا رایانگەیاندووە، کە کۆنگرێس لایەنی گفتوگۆکانی ئێران نییە.

حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران کە لە درێژەی سەرانەكانیدا بۆ پارێزگاکانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی پارێزگای گەیلانی کرد لە باکووری وڵاتەكەی، لەناو جەماوەری شاری رەشت ناوەندی پارێزگەی گەیلاندا رایگەیاند:" لایەنی بەرامبەری ئێمە وڵاتانی پێنج کۆ یەکن، نەوەک ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەگەر ئەو رێککەوتنە کۆتایی بە گەمارۆکان نەهێنێ، ئەوا هیچ رێککەوتنێک لەئارادا نابێت".

مەرزیە ئەفخەم، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە کاردانەوە بەرامبەر بڕیاری لیژنەی پێوەندیییەكانی دەرەوەیی کۆنگرێسی ئەمریکا، سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران گوتی: "بڕیارەکەی ئەم دواییەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێوەندی بە ناوخۆی ئەو وڵاتەوە هەیە و لایەنی گوتووێژەکانی ئێمە، دەوڵەتی ئەمریکایە نەک کۆنگرێسی ئەو وڵاتە".

بەپێی ئەو بڕیارەی لیژنەی پێوەندیییەكانی دەرەوەیی کۆنگرێس، باراک ئۆباما دەبێ هەرجۆرە رێککەوتننامەیەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لەماوەی 5 رۆژدا بۆ لێکدانەوە بنێرێتە کۆنگرێس. بە گوتەی گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئەم بڕیارە دژایەتیی رێککەوتن لەگەڵ ئێران ناکات و پێوەندیی بە لابردنی ئەو گەمارۆیانەوە هەیە کە کۆنگرێس بۆ ئێرانی دیاریکردوون.

جۆن بینەر، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە کۆماریخواز و نەیاری رێککەوتنە لەگەڵ ئێران، سەبارەت بەو بڕیارەی کۆنگرێس دەڵێ: "پێویستە کۆنگرێس دەرفەتی پێداچوونەوەی رێککەوتننامەکەی هەبێ، ناتوانین بەتەنیا پشت بە کۆشکی سپی ببەستین، چونکە وادیارە دەوڵەت دەیەوێ بەهەر شێوازێک بێت لەگەڵ ئێران رێککەوتن بکات".





















رووداو
Top