ڕووسیا نیگه‌رانییه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى له‌باره‌ى هه‌ڵپه‌ساردنى قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی سیستمی مووشه‌كی S300 به‌ ئێران ڕه‌تكرده‌وه‌

ڕووسیا نیگه‌رانییه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى له‌باره‌ى هه‌ڵپه‌ساردنى قه‌ده‌غه‌كردنی فرۆشتنی سیستمی مووشه‌كی S300 به‌ ئێران ڕه‌تكرده‌وه‌
رووسیا نیگه‌رانییه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى له‌ سه‌ر بڕیارى پێدانى سیسته‌مى به‌رگرى موشه‌كى پێشكه‌وتوو له‌ جۆرى ئێس سێسه‌د به‌ ئێران ره‌تكرده‌وه‌ و ته‌ئكیدیشى له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنى بڕیاره‌كه‌ كرده‌وه‌. له‌ په‌یوه‌ندیه‌كى ته‌له‌فۆنیدا سێرگى لاڤرۆڤ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا به‌ هاوتا ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ى جۆن كیرى راگه‌یاند، مۆسكۆ نیگه‌رانى و به‌رهه‌ڵستییه‌كانى واشنتۆن له‌باره‌ى بڕیارى پێدانى سیسته‌مى به‌رگرى موشه‌كى پێشكه‌وتوو له‌ جۆرى ئێس سێسه‌د به‌ ئێران ره‌تده‌كاته‌وه‌ و سوره‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێ كردنى بڕیارى پێدانى سیسته‌مى به‌رگرى موشه‌كى پێشكه‌وتوو به‌ ئێران.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌دا راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ سیسته‌مى به‌رگرى موشه‌كى چه‌كێكى به‌رگرییه‌ و بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێك هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسى نییه‌. لاڤرۆڤ ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ كه‌ بڕیارى هه‌ڵپه‌ساردنى قه‌ده‌غه‌كردنى فرۆشتنى سیسته‌مى به‌رگرى موشه‌كى به‌ ئێران له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان ئێران و وڵاتانى گروپى پێنج كۆیه‌ك واژوو كراوه‌.
Top