نەتەوە یەكگرتووەكان: داعش و بۆكۆ حەرامییەكان توندوتیژیی سێكسییان وەكو تاكتیكی شەڕ بەكار هێناوە

 نەتەوە یەكگرتووەكان: داعش و بۆكۆ حەرامییەكان توندوتیژیی سێكسییان وەكو تاكتیكی شەڕ بەكار هێناوە
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "ئێن‌دی‌تی‌ڤی" نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا كە دوێنێ بڵاو بووەتەوە، ڕایانگەیاندووە كە گرووپە توندڕۆكانی وەكو داعش و بۆكۆ حەرامییەكان بە بەردەوامی توندوتیژیی سێكسییان وەكو تاكتیكێكی شەڕكردن بەكار هێناوە.

(بان كی مۆن) لە ڕاپۆرتەكەدا دەڵێت، ساڵی (٢٠١٤) بە خراپترین ساڵ نیشانە كراوە كە زۆریكردن و، توندوتیژیی سێكسی و كۆیلایەتی و بەزۆر مارەكردنی تێدا ئەنجام دراوە، بە تایبەتی لە شێوەی (تاكتیكی تیرۆر)ـدا لەلایەن گرووپە توندڕۆكانەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا دەركەوتووە كە شاڵاوی سێكسی لە عێراق، سووریا و نایجیریا لەلایەن گرووپە توندڕۆكانەوە بە رێكەوت نەبووە، بەڵكو تەواو پەیوەست بووە بە ستراتیژییەتێكی ئامانجداری خۆیان، بیرۆكه‌ی ئایدۆلۆژییان و كۆكردنەوەی پارە و دابینكردنی خەرجییەكانی گرووپەكانیان.
ئەو گرووپانە زۆری و توندوتیژیی سێكسییان بەكار هێناوە بۆ زیادكردنی خەڵكی و ناونووسكردنیان و، تیرۆركردنی دانیشتووان و هەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگا. هەروەها داهاتێكی زۆریان كۆ كردووەتەوە لە ڕێگەی قاچاخچیێتی و فرۆشتنی مرۆڤ بۆ سێكس و كۆیلایەتی و بەخششوەرگرتن.

شیاوی گوتنە، لە ڕاپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا (١٩) وڵاتی دیاری كراون كە توندوتیژیی سێكسیان تێدا ئەنجام دراوە كە لە ناویاندا (عێراق، سووریا، سودان، سۆماڵ، نایجیریا و كۆنگۆ) هەن، هەروەها داعش، بۆكۆ حەرامیەكان و گه‌نجانى سۆماڵ یەكێكن لەو گرووپانەی كە توندوتیژیی سێكسییان وەكو تاكتیكی شەڕكردن بەكار هێناوە.

هەڵبەتە جگە لە ڕاگەیاندنی ناوی گرووپە توندڕۆكان، ڕاپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش كردووە كە زیاتر و بە بایەخەوە سەرنج بداتە ئەو ڕووبەڕووبوونەوە و توندوتیژییە (سێكس)ـیانەی كە گرووپە توندڕۆكان ئەنجامیان داون.
Top