ئۆباما: رێککەوتنی ئەتۆمی مانای نەمانی ناکۆکییەکان نییە

 ئۆباما: رێککەوتنی ئەتۆمی مانای نەمانی ناکۆکییەکان نییە
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جیاوازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا وەک خۆیان ماون و ئەو دوو وڵاتە لە چەندین پرسدا جیاوازییەکی زۆریان هەیە و رێککەوتنی ئەتۆمی مانای نەمانی جیاوازی و ناکۆکییەکانی ئێران نییە، بەڵکو ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە تەنها پرسی ئەتۆمییە.

باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکرد لێدوانە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران و سەرکردەکانی ئەو وڵاتە دژ بە ئیسرائیل، یەکێکە لەو جیاوازییانە و ئەمریکا هەوڵدەدات ئێران بەهیچ جۆرێک چەکی ئەتۆمی بەدەستنەهێنیت و لە ناوچەکدا نەبێتە هەڕەشە.

سیناتۆرە ئەمریکییەکان بە تایبەت کۆمارییەکان پرسیاریان خستووەتە سەر رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئاماژەیان بەوە کردووە، چۆن دەبێت ئەمریکا لەگەڵ وڵاتێکدا رێککەوتن بکات کە بەردەوام دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل و لە هەمانکاتیشدا هاوکاریی چەند گرووپێکی تووندڕەوی دەکات و ئەو گرووپانەش لەنێو لیستی رەشی ئەمریکادان.

باراک ئۆباما دەڵێ: "هێشتا ئەو جیاوازییانەی ئەمریکا و ئێران وەک خۆیان ماون، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە بیرۆکە و لێدوانی دژە سامییەتەوە هەیە، کە بەردەوام لە ئاستێکی باڵادا لەلایەن سەرکردەی رژێمی ئێرانییەوە دەبیسترێن. بەڵام مەرجی ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنیت. من دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ خاڵە سەرەکییەکە، ئێمە دەمانەوێت رێگە لە بوونی چەکی ئەتۆمی لە ئێراندا بگرین، چونکە ناتوانین پێداگری لە گۆڕینی سروشتی رژێمی ئێران بکەین".










رووداو
Top