داعش بووەتە مایەی قاتوقڕی و برسیەتی

 داعش بووەتە مایەی قاتوقڕی و برسیەتی
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "دەیلی‌مەیل" كە لە تویتەرەوە وەرگیراوە، خەڵكی سووریای ژێردەستی داعش بێجگە لە ئازاردان و كوشتنیان، بە دەست برسێتییشەوە دەناڵێن، لە زۆربەی شوێنەكان تا چاو بڕ دەكات خەڵكی نۆرەیان بۆ وەرگرتنی بڕێكی كەم لە خۆراك گرتووە.

وێنەكان لە تویتەرەوە لەلایەن گرووپێكی هەڵمەتكاری دژی داعش بڵاو كراونەتەوە كە دانیشتووانی شاری (ڕەققە) نیشان دەدەن، لەوێ خەڵكی لە دۆخێكی هەژاری خراپدا گوزەر دەكەن، ئەگەرچی ئاماری مردووان نادیارە، بەڵام لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە خەڵكێكی زۆریش بە هۆی برسیەتی و كەمیی پێداویستییەكانی ڕۆژانەیان گیانیان لە دەست دەدەن، ئەو جۆرە برسیەتییەیش بە (سەربڕینی بێدەنگ)ـی داعش ناو دەبرێت.

(ئەبو ئیبراهیم ڕەققاوی) یەكێكە لە ئەندامانی گرووپەكە دەڵێت، بەڵێ ئەوە ڕوویەكی تری ڕاستەقینەی داعشە دەی بە چاوی خۆتان بیانبینن كە خەڵكی چۆن لە هەژاری، برسیەتی و بێ ماڵ و حاڵیدا ڕۆژەكانی ژیانیان بەسەر دەبەن.

بە قسەی خۆیان داعش شانازی بە خۆیەوە دەكات كە نەوت و شوێنەوارەكان دەفرۆشێت و، گوڤاری ئینگلیزی دەردەكات بۆ ڕاكێشانی خەڵكی بۆلای خۆی و، لە بواری بازرگانییشدا (تی‌شێرت) و یاریی منداڵانیش بە ڕیكلامی خۆیانەوە دەفرۆشن. بەڵام ئەوە لێرە بینیمان كە خەڵكی چۆن ئیدارە دەدەن، لە بەدبەختی زیاتر هیچی دیكەیان بۆ خەڵكی نەهێناوە.

شیاوی گوتنە، هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە كە داعش خەڵكەكەی ئاگادار كردووەتەوە هەر كەسێك با یاساكانیانەوە پابەند نەبێت و بێزاری دەربڕێت، ئەوا دەیانگرن و زیندانییان دەكەن.
Top