سی‌ئێن‌ئێن: ئاڵا ڕەشەكە لە دۆڵەكانی ئەفغانستاندا نماییش دەكرێت

 سی‌ئێن‌ئێن: ئاڵا ڕەشەكە لە دۆڵەكانی ئەفغانستاندا نماییش دەكرێت
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "سی‌ئێن‌ئێن"، دوای كشانەوەی تەواوەتیی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، دۆخی وڵاتەكە بەرەو ئاقارێكی نادیار مل دەنێ، ئەگەرچی چالاكییەكانی قاعیدە و تالیبان كەوتوونەتە لێژی، بەڵام ئێستا زۆربەی گەنجەكانی ناو تالیبان خۆیان لەناو داعشدا دەبیننەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە ئاڵا ڕەشەكە لە دۆڵەكانی ئەفغانستاندا نماییش دەكرێت، ئەوانەی ئاڵاكەیشیان بەرز كردووەتەوە، پەیامەكەیان ڕوونە كە موریدی داعشن.

گرووپێك چەكدار لە دۆڵەكانی باشووری كابولی پایتەختی ئەفغانستان لەلایەن كامێراكەی (سی‌ئێن‌ئێن)ـەوە گرتە كراون، دەشگوترێت ئەوە یەكەم وێنەی داعشی ئەفغانستانە كە لەلایەن میدیا ڕۆژئاواییەكانەوە فیلم كرابێت، ئەوان ئاڵای داعشیان بەرز كردووەتەوە و ڕازی بوون وێنەیان بگیرێت.

بەرپرسێكی سەربازیی ئەمەریكایی كۆلۆنێل (جەی بی ڤاوڵ)، بۆ "سی‌ئێن‌ئێن" گوتی، لە ئێستادا ئەو چەكدارانەی داعش توانایان نییە، ئەوان لە ناوچە جیاوازەكانی ئەفغانستان هەوڵ دەدەن ئەوانەی لە تالیبان كشاونەتەوە بیانهێننە ناو ڕیزەكانی خۆیانەوە. ئەوان تاوەكو ئێستا لە ڕووی سەربازی و چالاكییەكانەوە ڕێكخراو و تۆكمە نین.

لە سەردانێكیدا بۆ ئەمەریكا، سەرۆكی ئەفغانستان(ئەشرەف غانی)، نیگەرانییەكانی سەبارەت بە هەڕەشەكانی داعش و تیرۆریستان گەیاندە بەرپرسانی ئەمەریكا و گوتی: "ئێمە لە هێڵی پێشەوەین، تیرۆریستان هەرگیز سنوور ناناسن و پاسپۆرتیشیان پێویست نییە بۆ پەڕینەوە، داعش لە باشوور و ڕۆژئاوای ئەفغانستان خەریكە خۆی لەسەر لاوازییەكانی ئێمە بنیات دەنێت".

شیاوی باسە، ڕاپۆرتەكە پشتڕاستی كردووەتەوە كە، پێشتر داعش خۆی گەیاندووەتە ئەفغانستان و لە قەڵای هێلمند بە جۆریك لە جۆرەكان خۆیان ڕاگەیاندووە، ئێستا لەوێوە خەریكن بڵاو دەبنەوە و لە گوندەكان خەڵكی كۆ دەكەنەوە و دەیانەوێت لە كشانەوەی ئەمەریكا سوود وەربگرن.
Top