8 هێزی پاسەوانی سنوور لە ئێران دەکوژرێن

8 هێزی پاسەوانی سنوور لە ئێران دەکوژرێن
لە سنووری نێوان ئێران و پاكستان كۆمەڵێك لە هێزە سنوورپارێزەكانی ئێران كەتوونەتە كەمینی چەكدارانی نەناسراو و 8 كەسیان لێ‌ كوژراوە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی میهر شەوی دووشەممە لە ناوچەی سنووریی ناسراو بە “میلی 239″ هەڵكەوتوو لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان 8 هێزی سنوورپارێزی ئێران بە دەستی چەكدارانی نەناسراو كوژراون.

بەپێی هەمان سەرچاوە لەو هێرشەدا 3 كەس لە چەكدارە نەناسراوەكانیش كوژراون و 3 كەسی دیكەشیان بریندار بوون.

“ئەحمەدعەلی موهبەتی” قایمقامی شاری “چابەهار” لە پارێزگای سیستان و بەلووچتان بە هەواڵدەریی میهری راگەیاندووە كە لێكۆڵینەوە لەو رووداوە دەستی پێكردووە و هەتا ئێستە هیچ گرووپ و لایەنێك بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ نەگرتووە.

لە حەفتەی رابردووشدا لە ئەنجامی هێرشی چەند چەكدارێكی نەاسراو لە شاری “حەمیدیە” لە پارێزگای خوززستان 3 ئەندامی هێزی ئینتزامیی حكوومەتی ئێران كوژران.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئێران كە زۆرینەی دانیشتوانی لە نەتەوەی بەلووچ و سوننە مەزهەبن، بە بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزیی تێدایە و ناو بەناو شەڕی چەكداری لە نێوان هێزە حكوومەتییەكانی ئێران و چەند هێزێكی چەكداری توندڕەودا ساز دەبێت.
Top