زەریف: کێشەکانی دیکەی ئەمریکا و ئێران وەک خۆیان ماون

 زەریف: کێشەکانی دیکەی ئەمریکا و ئێران وەک خۆیان ماون
ئێران جەختدەکاتەوە، کە رێککەوتنی 2ی نیسانی لۆزان تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، رێگە بە لابردنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە دەدات نەک هەڵگرتنی کاتی یان هەڵپەساردن.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی ئێرانیدا باسی لە وردەکاریی ئەو رێککەوتنە کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، لەنێو کۆبوونەکاندا شاندی دانوستاندنکاری ئێران بە جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گوتووە، وشەی هەڵپەساردن یان هەڵگرتنی کاتی بۆ سزاکانی ئێران بەکارنەهێنێت، بەڵکو ئەوەی لەسەر بنەمای رێککەوتنەکە دەکرێت ئەنجامبدرێت لابردنی سزاکانی سەر ئێرانە.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ: "ئەو رۆژەی یان ئەو ساتەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئەوە دووپات بکاتەوە کە ئێران پابەندی خاڵەکانی رێککەوتنەکە بووە، دەبێت ئەمریکا هەموو سزایەکی ئابووری و دارایی سەر ئێران بوەستێنێت، ئەمەش لە رێککەوتنی کۆتاییدا باسی لێوە دەکرێت، هەروەها بلۆککردنی بانک و پارەی ئێران و گواستنەوەی پارەش بەشێکن لە رێککەوتنەکە، جگە لە فرۆشتنی نەوت و سزاکانی دیکەش".

زەریف، جەختیکردەوە ئێران ئامادەیە هەموو ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات کە لە رێککەوتنەکەدا واژۆی کردووە. گوتیشی: "کێشەکانی دیکەی نێوان ئەمریکا و ئێران وەک خۆیان ماون و ئەوەی رێککەوتنی لەسەرکراوە تەنها پرسی ئەتۆمیییە".

سەبارەت بەوەی ئێران تۆماتبار دەکرێت کە دەست لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە وەردەدات، زەریف دەڵێ "ئێمە بەهیچ جۆرێک نامانەوێت دەسەڵاتمان بەسەر ناوچەکەدا هەبێت، بەڵکو هەستدەکەین ئاسایش و ئاشتی دراوسێکانمان، ئاسایشی خودی ئێمەیە".











رووداو
Top