چیلی.. بەهۆی لافاو 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و 125 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن

 چیلی.. بەهۆی لافاو 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و 125 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن
دەسەڵاتدارانی چیلی رایانگەیاند 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و 125 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوونە بەهۆی لافاوەکەی رۆژی شەممە، ئەمە جگە لەئاوارەبوونی 30 هەزار کەسی دیکە.

ئۆفیسی نیشتمانی بۆ باری لەناکاو رایگەیاند " 2700 کەس لەو خەڵکانەی بەهۆی لافاوەکە ماڵەکانیان جێهێشتووە، لە پەناگەکانی دامەزراوەکەیاندا شوێنیان بۆ کراوەتەوە".

ناوچەی ئاتاکاما ، کە دەکەوێتە دووری 800 کیلۆمەتر لە باکووری سانتیاگۆ، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و لەدوای بارانبارین، بەفری چیاکانی ئاندس تواوەتەوە و لە یەککاتدا 17 سێڵاوی لێهەستاوە.

میشال باشیلە، سەرۆکی وڵاتەکەش بەهۆی ئەو کارەساتە سرووشتییەوە، سەردانەکەی بۆ بەشداری لە لوتکەی ئەمریکا هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو لە پەنەما بەڕێوەبچێت، فەرمانیشدا هەزاران پۆلیس و سەربازی سوپا بۆ هاریکاریکردنی خەڵکەکە بڵاوببنەوە، دوێنێش سەردانی ناوچەکەی کرد و بە خەڵکەکەی رایگەیاند "لەگەڵ ئێوەداین و ناوچەکە ئاوەدان دەکەینەوە". تیمەکانی فریاگوزاریش توانییان خزمەتگوزاری وەگەڕبخەنەوە و سەدان تۆن خۆراک بگەیەننە خەڵکەکە.

لەو چەند هەفتەیەی دواییشدا دارستانەکانی ئەو وڵاتە گڕیان گرت و هەزاران هێکتار زەوی سووتان.









رووداو
Top