کاتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئێران ئاشکرابوو

کاتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئێران ئاشکرابوو
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رۆژی سەردانەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی بۆ ئێران ئاشکراکرد.

بەپێی راگەیێندراوێک لەو بەڕێوەبەرایەتییەوە، رۆژی 7-4-2015 رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەچێتە تاران بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆمار و رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەگەڵ هێرشە ئاسمانەییەکانی سعودییە بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن، ئەردۆغان پشتگیری بۆ ئەم هێرشانە دەربڕی و لە لێدوانێکدا گوتی "پێویستە ئێران چی هێزی هەیە لە یەمەن بیکێشێتەوە، پێویستە دەست لە عێراق و سووریاش بکێشێتەوە".

ئەم لێدوانەی ئەردۆغان پرسیاری ئەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئایا سەردانە چاوەڕێکراوەکەی بۆ ئێران ئەنجامدەدرێت یان دوادەخرێت. وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و گوتی کە هیچ گۆڕانکارییەک نییە لەو پلانەدا کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە.

لەسەردانەکەی ئەردۆغاندا بۆ تاران کە ژمارەیەک وەزیری تورکیاش بەشداری لەگەڵدا دەکەن، دووەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هەماهەنگی تورکیا و ئێران بەڕێوەدەچێت.







رووداو
Top