کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر رێککەوتنەکەی لۆزان

 کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی لەسەر رێککەوتنەکەی لۆزان
رێککەوتنی سیاسیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لە شاری لۆزانی سویسرا، کاردانەوەی زۆری لە نێوان وڵاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی عەرەبیدا بەدواوە بووە.

سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعوود، مەلیکی عەرەبستانی سعودی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ باراک ئۆبامای سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هیوای ئەوەی خواست کە رێککەوتنەکەی لۆزان، رێککەوتنی کۆتایی لێبکەوێتەوە، چونکە ئەو بابەتە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی عەمانیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، پێشوازیی کردووە لەو رێککەوتنە و رایگەیاندووە: ئەم رێککەوتنە دەتوانێ قۆناغێکی بنەڕەتی و گرینگ بێ لە رێگای واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی مانگی حوزەیراندا.

ئاژانسی هەواڵی کوەیتیش لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی لە رەوتی دانوستاندنەکان ئاگادار کردۆتەوە.

نووسینگەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەدا، ریککەوتنی سیاسی لەگەڵ ئێران، لێکدراوەتەوە و جۆن کێری لەسەر پێداگریی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتانی ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە، جەختی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەدر عەبدولعاتی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: قاهیرە بە وردی بەدواداچوونی دانوستاندنەکانی لۆزانی کردووەو هیوادارە ئەم رێککەوتنە، یەکەم هەنگاو بێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ئەو، هەروەها هیوای خواست کە ئەم رێککەوتنە، رێککەوتنی کۆتایی مانگی حوزەیرانی لێبکەوێتەوە، بۆ ئەوەی ناوچەکە تووشی پێشبرکێی چەکی ئەتۆمی نەبێت.

هەروەها عەبدولعەزیز بن عەلی شەریف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر، لە لێدوانێکدا، خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەنجامی دانوستاندنەکانی لۆزان دەربڕی و گوتی:" پیرۆزبایی دەکەم لەو کەسانەی بە نیازپاکی، بوونە هۆی سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی لۆزان کە لە ڕاستیدا پێشکەوتنێک بوو لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا".

ئاژانسی هەواڵی قەتەریش، لە راپۆرتێکدا رایگەیاند: "شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی، ئەمیری قەتەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر هەڵوێستی قەتەر سەبارەت بە پێویستیی چارەسەری ئاشتییانە و سڕینەوەی ناوچەکە لە چەکی ئەتۆمیی، جەختی کردووە و هیوای خواستووە رێککەوتنی لۆزان ببێتە هۆی وەدیهاتنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا".

دەوڵەتی بەحرەینیش، وێڕای رێزگرتن لە هەوڵی وڵاتانی 5+1، بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا، هیوای خواستووە داهاتوو شایەتی گۆڕانێکی تایبەت بێت لە سیاسەتەکانی ئێراندا بەرامبەر وڵاتانی ناوچە و بەتایبەت وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و، ئێران، پێبەند بێت بە هاوکاریی پۆزەتیڤ و گونجاو لە پێناو بەهێزکردن و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا.








رووداو
Top