نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕەشنووسەكەی ڕووسیا لەبارەی یەمەنەوە كۆ دەبێتەوە

 نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕەشنووسەكەی ڕووسیا لەبارەی یەمەنەوە كۆ دەبێتەوە
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "تەلیگراف" بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانیانی سڤیل لە هەڵمەتە ئاسمانییەكان بۆ سەر حوسییەكان كە سعوودیا سەركردایەتیی دەكات، ڕووسیا ڕەشنووسەیاسایەكی داوەتە نەتەوە یەكگرتووەكان.

ڕەشنووسەكە پێشنیازی ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەكان دەكات كە ترسی هەڵكشان و بەرزبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە یەمەندا پەیدا كردووە.

ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان سەعات (٣)ـی پاشنیوەڕۆ بۆ تاوتووكردنی ڕەوشەكە و ڕەشنووسەیاسایەكەی ڕووسیا، كۆ دەبێتەوە.

سەرۆكی هاوكارییە مرۆییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی پێنجشەممە گوتی: "زۆر بە بایەخەوە سەرنجی دۆخی یەمەن دەدەن لە بارەی چارەنووسی ئەو خەڵكە سڤیلەی كەوا بە هۆی شەڕەكەوە گیریان خواردووە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی دەستگا خێرخوازییەكان ڕایانگەیاند، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا نزیكەی (٥١٩) كەس كوژراون و، (١٧٠٠)ـیش بریندار بوون.

هەر لەو بارەیەوە دەستگای كاروباری منداڵان لە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا (٦٢) منداڵ كوژراون و، زیاتر لە (٣٠) منداڵی دیكەیش بریندار بوون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە، گوتەبێژی نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان (ئەلێكسی زایتسێڤ) گوتوویەتی: "ئەو كۆبونەوەیە لەودیو دەرگا داخراوەكان بۆ ڕاوێژكردن دەبێت كە لەوانەیە لەسەر ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەكان بگەینە خاڵێكی هاوبەش كە بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی سڤیل و قەیرانی مرۆیی گەورە لە یەمەن".

شیاوی گوتنە، ڕووسیا ڕەشنووسێكی ئامادە كردووە و دەیخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ڕەشنووسەكەیشدا داوای لە (١٥) ئەندامەكەی ئەنجوومەنی ئاساییش كردووە كە ئەمڕۆ كۆ ببنەوە و، لە مەترسی بەرزبوونەوەی ڕێژەی كوژراوانی یەمەن و گەشەسەندنی قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا بكۆڵنەوە.
Top