نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ستراتیژێكی بەپەلە بۆ دوای تێكشكانی داعش دەكات

 نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ستراتیژێكی بەپەلە بۆ دوای تێكشكانی داعش دەكات
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی نەتەوەیەكگرتووەكان كە لە ماڵپەڕی (بی‌بی‌سی)ـدا بڵاو كراوەتەوە، زیاتر لە (٢٥) هەزار چەكداری بیانی پەیوەندییان بە گرووپە توندڕۆكانی وەكو (قاعیدە) و (داعش)ـەوە كردووە، ئەو ژمارەیەیش لە نێوان (٢٠١٤) بۆ (٢٠١٥) بە ڕێژەی (٧١%) زیادی كردووە.

لە ڕاپۆرتەكەدا شارەزایان گوتوویانە، بە لێشاو چوونی ئەو چەكدارە بیانیانە بۆ ناو گرووپە توندڕۆكان زۆر مەترسیدارە، ئەو ڕێژەیە بە بەرزترین ڕێژە دادەنرێت لە مێژووی ڕابردوودا.
چەكداران لە كەمترین حاڵەتدا لە (١٠٠) وڵاتی جیهانەوە سەفەریان كردووە و چوونەتە ناوچەكانی (عێراق، سووریا، لیبیا و پاكستان) و ئەوێیان كردووەتە مۆڵگەی چالاكییەكانی خۆیان.
ڕاپۆرتەكە هۆشدارییەكی گەورە دەداتە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە ئەو چەكدارە توندڕۆیانە هەڕەشەیەكی بەپەلە و درێژخایەن دەبن بۆ سەر ئاساییشی جیهانی.

قوتابخانەی چەكدارە توندڕۆكان:
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكە سووریا و عێراق ئەو دوو قوتابخانە ڕاستەقینەیەن كە چەكدارانی بیانی بۆ توندڕۆیی پێدەگەیەنن، كە زیاتر لە (٢٢) هەزار چەكداری بیانییان تێدایە.
دوای ئەوان ئەفغانستانە كە نزیكەی (٦٥٠٠) چەكداری توندڕۆی تێدایە، هەروەها لە یەمەن، لیبیا و پاكستانیش بە سەدان چەكداری توندڕۆ هەڕەشە و شاڵاوی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

شیاوی گوتنە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان زیادبوونی ئەو ڕێژە بەرچاوەی چەكدارە توندڕۆكان بە تایبەتی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستی بە ستراتیژییەتێكی بەپەلە و سەركەوتوو هەیە تاوەكو ئاساییشی جیهان نەكەوێتە ژێر هەڕەشەی تیرۆرەوە، چونكە شارەزایان پێیان وایە، دوای ئەوەی داعش لە عێراق و سووریا تێك شكا هەڕەشەكە بەرەو جیهان پەل دەهاوێژێت.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لە ئێستادا چەكدارانی بیانی لە توونس، مەراكیش، فەڕەنسا و ڕووسیا، ڕێژەی چەكدارە بیانییەكانیان لەپاڵ توندرۆكاندا زیاتر كردووە، هەروەها ڕێژەی چەكدارانی هاتوو لە (ماڵدیف، فینلەندا، ترینیدا و تۆباگۆ)ـوە بۆ ناو گرووپە توندڕۆكان بە تایبەتی تیرۆریستانی داعش، زیادی كردووە.
Top