ئێران و گروپى 5+1 دانووستانه‌كانیان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن چڕ كردۆته‌وه‌

ئێران و گروپى 5+1 دانووستانه‌كانیان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن چڕ كردۆته‌وه‌
ساته‌كانى دانووستانى نێوان ئێران و گروپى پێنج كۆ یه‌ك له‌ شارى لۆزانى سویسرا به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چێت. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ردوولا دانووستانه‌كانیان چڕ كردۆته‌وه‌ و گه‌رێكى دیكه‌ى دانووستان ده‌ستى پێكردۆته‌وه‌ . هاوكات به‌رپرسانى ئێرانى و رۆژئاوا ده‌ڵێن ئه‌گه‌رى گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن هه‌یه‌، به‌ڵام چه‌ند پرسێك هێشتاش به‌ هه‌ڵواسراوى ماونه‌ته‌وه‌ . ئێران و گروپى پێنج كۆیه‌ك ده‌یانه‌وێت تا شه‌وى سێشه‌ممه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ سیى حوزه‌یرانى داهاتوو رێككه‌وتنى گشتگیر مۆر بكه‌ن . له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ فرانك ڤاڵته‌ر شتانمایه‌ر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند كه‌ قۆناغى كۆتایى دانووستانه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌ . فیلیپ هامۆند وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیاش رایگه‌یاندووه‌ پێویسته‌ بگه‌ینه‌ رێككه‌وتنێك كه‌ رێگه‌ له‌ ئێران بگرێت په‌ره‌ به‌ بۆمبى ئه‌تۆمى بدات و هیچ چاره‌سه‌رێكى مامناوه‌ندیش له‌و پرسه‌دا نییه‌ .

هاوكات دیپلۆماتكارێكى رۆژئاواییش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ سێ پرسى سه‌ره‌كى هه‌ن به‌ هه‌ڵواسراوى ماونه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش ماوه‌ى رێككه‌وتنه‌كه‌و لادانی سزاكانی سه‌ر ئێران و میكانیزمی لێكۆڵینه‌وه‌و دڵنیابوون له‌ رێزگرتنی پابه‌ندبوونه‌كانه‌ و ناشكرێت رێككه‌وتن بێته‌ دى ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ پرسه‌ وه‌ڵامیان نه‌بێت و چاره‌سه‌ر نه‌كرێن . له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ كۆشكى سپى رایگه‌یاند كه‌ دانووستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران تا ساته‌كانى كۆتایى به‌رده‌وام ده‌بن . له‌وباره‌یه‌وه‌ ئیریك شۆلتز گوته‌بێژى كۆشكى سپى به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند كه‌ سه‌رۆك ئۆباما به‌رده‌وام له‌ دانووستانه‌كان ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌ویش رێنمایى دانووستانكارانى ئه‌مه‌ریكى ده‌كات . گوته‌بێژه‌كه‌ ئه‌وه‌شى راگه‌یاند كه‌ پێشوه‌خت باس له‌ گریمانه‌ى شكستى دانووستانه‌كان ناكه‌م، چونكه‌ دانووستانه‌كان تا ساته‌كانى كۆتایى به‌رده‌وام ده‌بن .
Top