توركیا هێزی زیاتر له‌ سنووری باشوور و رۆژئاوای كوردستان جێگیر ده‌كات

توركیا هێزی زیاتر له‌ سنووری باشوور و رۆژئاوای كوردستان جێگیر ده‌كات
- توركیا هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ سه‌ر سنووری باشوور و رۆژئاوای كوردستان زیاد ده‌كات و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌شی له‌شكرێكی تایبه‌ت داده‌مه‌زرێنێت.



له‌باره‌ی دامه‌زراندنی له‌شكرێكی تایبه‌ت به‌ پاراستنی سنوور، سوپاسالاری گشتی توركیا ژه‌نه‌ڕال نه‌ژده‌ت ئۆزال ئاشكرایكردووه‌ كه‌ ئه‌م له‌شكره‌ سه‌ر به‌فه‌رمانده‌یی هێزی پیاده‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ده‌بێت و ناوی "له‌شكری پاراستنی ئاسایشی سنووره"‌ و له‌ كۆتایی ساڵی داهاتوو یا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٧ ئه‌رك و چالاكییه‌كانی له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی باشوور و باشووری رۆژهه‌ڵاتی توركیا ده‌ست پێده‌كات.



ئێستا هه‌ردوو لیوای شه‌ش و حه‌وتی سوپای توركیا ئەرکی پاراستنی ئاسایشی سنووری ووڵاته‌كه‌یان به‌ درێژایی ١٢٠٠ كلم له‌گه‌ڵ عێراق و سوریه‌ لە ئەستۆیە.



به‌پێی وته‌ی ئۆزال دامه‌زراندنی ئه‌م له‌شكره‌ تایبه‌ته‌ به‌هۆی زیادبوونی نیگه‌رانییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا‌ له‌ئاست ئاڵۆزییه‌كانی ناوخۆی عێراق و سوریا و كرده‌ و چالاكییه‌كانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەو دوو وڵاته‌دایە.



نه‌ژده‌ت ئۆزال سوپاسالاری گشتی توركیا ده‌ڵێت: به‌جێگیركردنی له‌شكری ئاسایشی سنوور رێگه‌ له‌ دزه‌كردنی ئه‌ندامانی رێكخراوی داعش بۆ ناو توركیا ده‌گرن و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ڕێگە له‌ ئاودیو بوونی چه‌كدارانی بیانی بۆ نێو سوریه‌ دەگرن.
Top