پەرلەمانی كەنەدا دەنگی بە درێژكردنەوەی هێرشە ئاسمانییەكان دا

 پەرلەمانی كەنەدا دەنگی بە درێژكردنەوەی هێرشە ئاسمانییەكان دا
دوای ئەوەی ماوەی پێشوو حكوومەتی كەنەدا پڕۆژەیاسای درێژكردنەوەی هەڵمەتە سەربازییەكانی لە دژی تیرۆریستانی داعش پەسند كرد، دوێنێ ئێوارە لە پەرلەمانی وڵاتەكەی درێژكردنەوە و فراوانكردنی هێرشە ئاسمانییەكانیان لە عێراق و سووریا پەسند كرا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (سی‌بی‌سی نیوز) پارتیی پارێزگارانی كەنەدا ڕۆڵی بەرچاویان لە پەسندكردنی پڕۆژەكەدا بینیوە، ئەوان دەڵێن هێرشە سەربازییە ئاسمانییەكان لە دژی داعش جگە لە عێراق، لە سووریایش هەم یاسایی و هەم پێویستیشە.

پەرلەمانتاران بە ڕێژەی (١٤٢) دەنگی بەڵێ بەرانبەر (١٢٩) دەنگی نەخێر، درێژكردنەوەی هێرشە ئاسمانییەكانیان لە عێراق پەسند كرد، هەروەها لە پڕۆژەكەدا ڕێگا بە هێرشە ئاسمانییەكانی وڵاتەكەیان دەدەن لە سووریایش هەڵمەتەكانیان بۆ سەر داعش دەست پێ بكەن.

بەرپرسێكی باڵای كەنەدایش بە (سی‌بی‌سی) گوتووە، لەو چەند ڕۆژەی دادێت فڕۆكە جەنگییەكانیان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش لە سووریا ئەنجام دەدەن.
هەروەها ئەو (٦٩) ڕاوێژكاره‌ى كە بە مەبەستی یارمەتیدان و مەشقپێكردنی پێشمەرگە لە كوردستانن، لە كارەكانیان بەردەوام دەبن و دەمێننەوە.

بەرپرسانی پارێزگارەكان دەڵێن، هێرشە سەربازییە ئاسمانییەكان نەك هەر تەنیا لە عێراق، بەڵكە لە سووریایش هەم یاسایی و هەم پێویستییە، بۆیە كەنەدا ناچارە بەشێك بێت لە ڕەواندنەوەی هەڕەشەكانی تیرۆریزم لە جیهاندا.

شیاوی گوتنە، دوای دەنگدانەكە و پەسندكردنی پڕۆژەكە، سەرۆكوەزیرانی كەنەدا (ستیڤان هارپەر) گوتی: "لە كاتێكدا هاوپەیمانەكانی شەڕی داعش سەركەوتنی گەورەیان بە دەست هێناوە، بەڵام هەڕەشەكانی داعش لەسەر جیهان و ناوچەكە كۆتاییان نەهاتووە، بە تایبەتی ناتوانین خۆمان لەو شەڕە بدزینەوە، لە كاتێكدا داعش بەردەوامە لە فراوانكردنی توندڕۆیی و هەڕەشەی تیرۆریزم لە كەنەدا و، هەروەها لە دژی هاوپەیمانەكان و هاوبەشەكانمان، هەروەها ناشكرێت ڕێگا بدەین داعش سووریا بكاتە پەناگەیەكی ئارام بۆ خۆی".
Top