سبەی دوا وادەی ڕێکەتنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێرانە
لە (لاوسان)ی سویسرا ئەمڕۆ دووشەممە وەزیرانی شەش وڵاتە زلهێزەکەی جیهان کەبریتین لە (ئەمەریکا و، ئەڵمان و، فەرەنسا و، بەریتانیا و، چین و ڕووسیا) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا دانیشتن و گفتوگۆی چڕوپڕ دەکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە دانیشتنەکان و، گفتوگۆکان قەت هێندەی ئێستا گەرموگوڕ و لەیەکتری نزیک نەبوون، دەسەڵاتدارانی هەردوولا دەیانەوێت بڕیارێکی سەخت بدەن، هەموویان دەڵێن هاتونەتە ئێرە بە ئامانجی ڕێکەتن و، بۆ دروستکردنی مێژوو.
جیهان چی لە ئێران دەوێت؟
ئەمەریکا و، بەریتانیا و، فەرەنسا و، ئەڵمان و، ڕووسیا و چین دەیانەوێت ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە (١٠) ساڵ هەستیارترین چالاکیە ئەتۆمیەکانی ڕابگرێت. لە بەرانبەردا ئێران دەڵێت لەسەر (١٠) ساڵ گفتوگۆ دەکەین. هەروەها ئێران سوربوە لەسەر هێشتنەوەی چالاکی نزیکەی (١٠) هەزار سەنتەرفیوجی، بەڵام ئەمەریکا دەڵێت دەبێت (٦) هەزار بن، تا دواجار خەریکن دەگەنە ڕێکەوتن لەسەر هێشتنەوەی (٦٥٠٠) سەنتەرفیوج لە کاردا.
شیاوی گوتنە، سەرباری سەرلەنوێ هۆشداریدانەوەی (بنیامین ناتانیاهۆ) سەرۆکوەزیری ئیسرائیل لەدژی ڕێکەوتنەکە، ئاڕاستە سیاسیەکان بەرەو ڕێکەوتنن، وە چاوەڕیدەکرێت ئێوارەی سێشەممە ڕێکەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بچێتە دواین مەنزڵی خۆی.