ئێران حوسییەکان هاندەدات بۆ بەرەنگاربوونەوە

 ئێران حوسییەکان هاندەدات بۆ بەرەنگاربوونەوە
موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، کە ئێستا سکرتێری ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، داوا لە حوسییەکانی یەمەن دەکات، کە بەرەنگاری هێرشەکانی هاوپەیمانی "گەردەلوولی بەهێز" ببنەوە و دەڵێت "کاتێک توانیتان لە مەیدانەکانی شەڕ بەرەنگار ببنەوە و سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەوکاتە لەسەر مێزی دانوستاندنەکانیش دەیبەنەوە".

ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران، نامەیەکی موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی گاردی شۆڕشی ئێران، کە بە سوپای پاسداران ناسراوە، بڵاوکردووەتەوە، کە ئاراستەی عەبدولمەلیک حوسی، سەرکردەی حوسییەکانی یەمەنی کردووەو داوای بەردەوامبوون لە خۆڕاگرییان لێدەکات.

رەزایی لە نامەکەیدا دەڵێت "هەمووان دەزانن ئێستا هیچ سەربازێکی ئێرانی لە یەمەن نییە"، ئینجا حوسییەکان هاندەدات، کە بەرەنگاری بکەن و خۆڕاگربن و دەڵێت " بەرەنگاری لە مەیدانی شەڕ، مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن دەکاتەوە".

فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، هەروەها دەڵێت " ئێستا لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و فەلەستین و بەحرەین بەرەی بەرەنگاری بەرامبەر بەرەی دوژمنکاری وەستاوەتەوە".

رەزایی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سەرکەوتن لە لوولەی تفەنگی گەنجانی یەمەنی بەرپا دەبێت، کە ئەو بە گوتەی خۆی بە "شەیدای شەهادەت" وەسفیان دەکات. پێشیوایە سەرکەوتن بۆ "بەرەی بەرەنگاری" دەبێت، کە خۆی ناوی ناوە، داواش دەکات، کێشەکە بە دانوستاندن چارەسەر بکرێت.








رووداو
Top