نەسروڵڵا سعودیە بە ئامادەكردنی خۆكوژ بۆ عێراق تۆمەتباردەكات

 نەسروڵڵا سعودیە بە ئامادەكردنی خۆكوژ بۆ عێراق تۆمەتباردەكات
ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی حكومەتی سعودیەی بە گەیاندنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و ئامادەكردنی خۆكوژانی بیانی و عەرەب بۆ نێو عێراق تۆمەتباركرد، داواشی لە عێراقییەكان كرد پلانەكانی سعودیە ئاشكرا بكەن.

حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، لە هەڤپەیڤینێكی تەلەفزیۆنیدا گوتی:" لەسەردەمی رژێمی سەدام حوسێنی سەرۆككۆماری پێشووتری عێراق، شانشینی سعودیە كاری لەسەر كوشتنی هاووڵاتیانی عێراقی كردووە، كاتێك بە بڕی 200 ملیار دۆلار لە شەڕی عێراق ـ ئێران هاوكاری رژێمی عێراقی كرد".

حەسەن نەسروڵڵا گوتیشی: "دەزگای هەواڵگری سعودیە هەر بەوەش نەوەستاوە، بەڵكو كاری لەسەر یارمەتیدانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) كردووە، بە گەیاندنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و ئامادەكردنی خۆكوژانی عەرەب و بیانی بۆ نێو شارەكانی عێراق، بە ئامانجی كوشتنی هاوڵاتیانی عێراقی لە بەغداو شارەكانی باشوورو باكوور".

ئەمینداری گشتيی حیزبوڵڵا داواشی لە عێراقییەكان كرد: "كار لەسەر ئاشكراكردنی پلانەكانی سعودیە بكەن، كە دەیەوێت ئابووری وڵاتەكەیان بڕوخێنێت و رۆڵەكانیان بە كوشت بدات".

لەبارەی رووداوەكانی ئێستای یەمەنیشەوە، نەسروڵڵا گوتی: "بوێری سعودیە و هاوپەیمانەكانی لەبەرامبەر شۆرشی ئاشتیانەی یەمەن زۆر بە ئازارە، چونكە چەندین سەدەیە فەڵەستین لەدەست دەسەڵات و ستەمی ئیسرائیل دەناڵێنێ، بەڵام تاوەكو ئێستا نە گەردەلوولی بەهێز نە شنەبای عەرەبیمان نەبینیوە".







رووداو
Top