فڕۆكەیەكی سەربازی سعودیە كەوتەخوارەوە
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکی لە فڕۆکەیەکی جۆری F-15S ی هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە لە ناوچەیەکی ئاسمانی دەریای سوور، دوو فڕۆکەوانەکەی ناچاربوون کورسی رزگاربوون بەکاربهێنن و بە پەڕەشووت خۆیان لە فڕۆکەکە هەڵبدەن.
ئەو سەرچاوەیەی وەرزارەتی بەرگریی سعودیە راشیگەیاند، بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزی ئاسمانی ئەمریكا، توانراوە هەردوو فڕۆکەوانەکە رزگاربکرێن و ئێستاش هەردووکیان لە بارێکی تەندروستی باشدان.
بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستی ئەو دوو فڕۆکەوانە، وەزیری بەرگریی سعودیە لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ هەردوو فڕۆکەوانەکە کردووە و ئەوانیش داوایان لە وەزیری بەرگری کردووە، رێگەیان بدات دەستبەجێ دەست بە ئەركە سەربازییەکانیان بكەنەوە و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
هاوكات، تەلەفزیۆنی مەسیرەی سەر بە حوسییەكان رایگەیاند، كە هێزەكانی بەرگری ئاسمانی، فڕۆكەیەكی سەر بە "گەردەلووی بەهێز"یان لە ناوچەی سەنعا خستووەتە خوارەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە فڕۆكەوانەكە سوودانی بووە و دەستگیركراوە، بەڵام هیچ وڵاتێكی بەشدار لە هاوپەیمانێتییەكە بۆ هێرشكردنە سەر حوسییەكان، هەواڵەكەی پشتڕاستنەكردووەتەوە.
رووداو