هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی کۆمپانیای جێرمەن وینگس ئاشکرابوو

 هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی کۆمپانیای جێرمەن وینگس ئاشکرابوو
دوای چەند رۆژێک گەڕان بە دوای فڕۆکەی ئەیرباس 320-ی کۆمپانیای جێرمان وینگز، هۆکارەکانی کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە، لە رێگەی گرتەیەکی دەنگیی ناو ژووری فڕۆکەوانەکە ئاشکرابوو و دەرکەوتووە کە فڕۆکەوانەکە شوێنی خۆی جێهێشتووە و تەنها یاریدەدەرەکە ماوەتەوە لەو شوێنەدا، پاشان کە ویستوویەتی بگەڕێتەوە دەرگاکە داخراوە و نەیتوانیوە بگەڕێتەوە شوێنەکەی خۆی.

دوو رۆژە لێکۆڵەران بە دوای هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی سەر بە کۆمپانیای جێرمەن وینگدا دەگەڕێن لە کاتێکدا، رەوشی کەشوهەوا هیچ خراپ نەبووە و هیچ هۆکارێک نەبووە بۆ کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە.

لە ساڵی ٢٠٠١ ــەوە بەهۆی هێرشە تیرۆریستیەکانەوە ژووری فڕۆکەوانەکان لە هەر فڕۆکەیەکدا بە جۆرێک دروست کراوە، کە زۆر ئاستەمە کەسێک لە دەرەوە بتوانێت بچێتە شوێنی فڕۆکەوانەکە جگە لە فڕۆکەوانەکە خۆی.

ئەم فڕۆکەوانەش کە چووەتە دەرەوە دواتر نەیتوانیوە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و وەک لە گرتە دەنگیەکەدا دەرکەوتووە " فڕۆکەوانەکە زۆر بە توندی بە دەرگاکەدا دەکێشێت بۆ ئەوەی بکرێتەوە، بەڵام پێی ناکرێتەوە و لە دەرەوە دەمێنێتەوە"

تاوەکو ئێستاش دیار نییە بۆچی فڕۆکەوانە سەرەکیەکە ژووری فڕۆکەوانیەکەی جێهێشتووە، لە کاتێکدا ئەمە بە هەموو شێوەیەک پێچەوانەی یاساکانی فڕۆکەوانییە و هەموو فڕۆکەوانەکانی دیکە باس لەوە دەکەن، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت تەنها یاریدەدەر لە ژووری فڕۆکەوانی بمێنێتەوە.

لە رێی گرتەیەکی دەنگی ژووری فڕۆکەوانەکە، کە لە دۆزینەوەی یەکەم سندوقە رەشەکە دەست کەوتبوو، دەرکەوتووە پێش رووداوەکە فڕۆکەوانەکە شوێنی خۆی بەجێهێشتووە، ئەگەریش هەیە کەوتنە خوارەوەکە لەبەر بێ توانایی یاریدەدەرەکە بووبێت، یاخود کێشەیەکی تەکنیکی دروست بووبێت و یاریدەدەرەکە نەیتوانیبێت چارەسەری بکات،

لێکۆڵەرەوەکان ئێستا بەدوای سندوقە رەشەکەی دیکەدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بتوانن سەرەداوێکی باشتریان دەست بکەوێت.

فڕۆکەی ئەیرباس 320 کۆمپانیای جێرمان وینگز لە ٢٤ی ئادار لەکاتێکدا لە گەشتێکدا بوو لە شاری بارسێلۆنا بەرەو دۆسلدۆرف کەوتە خوارەوە و 150 کەس بوونە قوربانی. هاوکات تیمەکانی گەڕان و پشکنین بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.










رووداو
Top