ئێران: ئەو شەڕەی سعودیە هەڵیگرساندوە پەرچەکرداری لێدەکەوێتەوە
ماڵپەڕی پەرلەمانی ئێران لە هەواڵێکدا لێدوانێکی عەلائەدین بروجێردی سەرۆکی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بڵاوکردوەتەوە، کە تێیدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی سعودیە و هاوپەیمانانی بۆ سەر یەمەن رایگەیاند: ئەو ئاگرەی سعودیە هەڵیگرساندوە پەرچەکرداری مەترسیداری لێدەکەوێتەوە و بە سەرنجدان بە هەستیاری ناوچەکە، قەیران وڵاتانی ئیسلامی دەگرێتەوە".
بروجردی هەروەها دەڵێت "هەڵگیرساندنی شەڕێکی نوێ لە ناوچەکە لەلایەن سعودیە-وە نیشانەی نابەرپرسیارەتییە لە بەرامبەر کێشەکانی جیهانی ئیسلامی"و گوتی: " دووکەڵی ئاگری ئەو شەڕە دەچێتە چاوی سعودیە، لەبەر ئەوەی شەڕ هەمیشە لە سنوورێکدا نامێنێتەوە".
سەرۆکی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران جەختیکردەوە لەوەی "هێزی سەربازی یەمەن لە بەرامبەر پارێزگاری لە خاکی وڵاتەکەیان بەرگری دەکەن".
بروجێردی ئاماژەی بە رۆڵی ئەمریکا کرد لەو شەڕە و گوتی: " ئەمریکا لە سەرووی هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕە لە ناوچەکە و بێ هیچ گومانێک سعودیە و هەندێ وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی بەبێ رێگەپێدانی ئەمریکا ئەو دەسەڵاتەیان نەبوو ئەو شەڕە بکەن و نەیاندەتوانی ئاگری شەڕ هەڵگیرسێنن".
کاژێر ١٢ی شەوی چوارشەممە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پاشای عەرەبستانی سعودییە فەرمان بە کوڕە گەنجەکەی دەکات هێرش بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن دەستپێبکات و لە شەوی یەکەمی هێرشەکەشدا کە کاژێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستی پێکرد، چەندین فڕۆکە و بنکەی سەربازی حوسییەکان وێرانکراو.
رووداو