کەنەدا ئەرکەکانی خۆی لە شەڕی دژ بە داعش درێژکردەوە
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند کە ئەرکە سەربازییەکانی خۆیان لە عێراق و سووریا بۆ ماوەی ساڵێک درێژ دەکەنەوە و تا کۆتایی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٦ بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆسەر بنکە و پێگەکانی داعش لەو وڵاتانە.
ستیڤن هارپەر، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا دەڵێ :" بڕیارماندا کە بەردەوامبین لە بێ تواناکردنی چەکدارانی داعش. بۆ کەمکردنەوەی هەوڵ و تواناکانیان و جوڵانەوە سەربازییەکانیان ئێمە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانمان لەوێ درێژتر دەکەینەوە، بۆ ئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەیان لە هەرێمەکە و هێرشەکانیان لە ناوچەکەدا بگرین".
کەنەدا ئێستا ٧٠ سەربازی لەسەر هێزی تایبەت لە باشووری کوردستان هەیە، کە راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و هەروەها ٦ فڕۆکەی جەنگی سی ئێف ١٦ شیان لە کوەیت جێگیر کردووە.
تاوەکو ئێستا هێزەکانی کەنەدا لە کێشەی سووریاوە نەگلابوون، بەڵام پاش درێژ کردنەوەی ئەرکەکەیان بۆ ماوەی ساڵێک. هارپەر، رایگەیاند کە یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانیان کردنە ئامانجی چەکدارانی داعش دەبێت لە سووریا، چونکە چەکدارانی داعش و بەشێکی زۆر لە کەلوپەل و چەکەکانیان بە شێوەیەکی ئازادانە لە سنوورەکانی عێراقەوە دەبەنە سووریا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆیان بکەن لە بەردەم هێرشە ئاسمانییەکانمان، لەبەر ئەوەی سووریا بە شوێنێکی پارێزراو دەزانن بۆ خۆیان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هارپەر رایگەیاند حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکەی پێیان باشترە ئەگەر بکرێت کەنەدا لە هێرشی زەمینییەوە نەگلێت، کە ئەمە یەکێک بوو لەو ئاماژانەی هەرچەند جەختی لەسەر ناردنی هێز ناکاتەوە، بەڵام ئەگەر پێویست بێت ئەگەری هەیە دەستتێوەردانی سەربازی بکات.
لیبراڵەکانی کەنەدا دژایەتی درێژکردنەوەی وادەی ئەرکی سەربازیان کرد لە عێراق و سووریا و بە حکومەتی ئەو وڵاتەیان راگەیاند، کە پێیان باشترە وڵاتەکەیان زیاتر جەخت بخاتە سەر هاوکاریە مرۆییەکان نەک هاوکاریە سەربازییەکان.
رووداو