ناتانیاهۆ داوای لێبوردن لە عەرەبی ئیسرائیل دەکات

ناتانیاهۆ داوای لێبوردن لە عەرەبی ئیسرائیل  دەکات
بنیامین ناتانیاهۆ داوای لێبوردنی لە عەرەبی ئیسرائیل کرد، بەهۆی ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنی ئیسرائیل و پیشکەشکردنی وتارێک سەبارەت بە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی پارتی لیکود، گوتبوی عەرەب بە لیشاو ( وەک مێگەل) دەنگیان داوە.

ناتانیاهۆ لەکاتی کۆبوونەی لەگەڵ ئەنجوومەنی عەرەبەکانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم، ئاماژەی بەوە کرد کە قسەکانی ئەو بۆ عەرەبەکانی ئیسرائیل و هەندێک لە جوولەکەکانیش مایەی بیزاری بووە، بۆیە داوای لیبوردن لەو قسەیەی دەکات و گوتیشی هەرگیز مەبەستی سوکایتیپێکردن نەبووە.

ناتانیاهۆ لەمبارەیەوە دەڵێ :" من دەزانم قسەکانی من لە هەفتەی رابردوودا وەک هێرشێک بۆسەر خەڵکی ئیسرائیل و ئەندمانی ئەنجوومەنی عەرەبی ئیسرائیلی سەیرکرا و بە سوکایەتی لێکدرایەوە، بەڵام من هەرگیز مەبەستم ئەوە نەبووە" دەشڵێت " من لای خۆمەوە داوای لیبوردن دەکەم، کاری من وەک سەرۆک وەزیران، هەمیشە دەبێت پەسەندکردنی داواکانی کەمایتییەکانیش بێت، لە هەمان کاتدا ئەوەش دەڵێم کە نابێت هیچ یەکەیەکی دەرەکی دەست لە پرۆسەی دیموکراسی ئیسرائیل وەربدات. من سەرۆک وەزیرانی یەک بە یەکی خەڵکی ئیسرائیلم بەبێ هیچ جیاوازییکردنێک لەسەر بنەمای ئایین و رەگەز".

ناتانیاهۆ لەدوای سەرکەوتنی پارتەکەی، لە وتارێکیدا هەفتەی رابردوو ئاماژەی بە مەترسی دەنگی عەرەبەکان کردبوو لە پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتی نیشتیمانی ئیسرائیل، دەنگدانی ئەوانیشی وەک دەنگدانی بە لێشاو وەسفکرد و وشەیەکی عیبری بەکارهێنابوو کە زیتار بۆ مێگەل بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی عەرەبەکان و هەندێک لە لایەنگرانی پارتە چەپەکانی ئیسرائیل.




روداو
Top