وەزیری دەرەوەی سعودیە: بەشار ئەسەد هیچ داهاتوویەکی نییە لە سووریا
سعود ئەلفەیسەل، وەزیری دەرەوەی سعودیە و فلیپ هامۆند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەمڕۆ، 23/3/2015 کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو و تێیدا کۆمەڵێک تەوەریان وروژاند لەسەر ناوچەکە، کە گرنگترینیان بارودۆخی یەمەن و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بوو.
سعود ئەلفەیسەل گوتی:'' بەشار ئەسەد هیچ داهاتوویەکی نییە لە سووریا'' و هاوتاکەشی پشتگیری لەو قسەیەی کرد و پشتیوانی حکومەتەکەی وڵاتەکەی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سووریا دووپاتکردەوە.
وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتیشی: ''ئێمە دژی دەست تێوەردانی ئێرانین لە کاروباری یەمەن و دەبێ یاسا سەروەر بێت لەو وڵاتە''.
هەر سەبارەت بە ئێران وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش جەختیکردەوە کە نابێ رێگە بە ئێران بدرێت پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات و ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
فلیپ هامۆند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان و بارودۆخی ناوچەکە گوتیشی: ''لەگەڵ سعودیە کاردەکەین بۆ بەرقەرارکردنی ئەمن و ئاسایش لە ناوچەی کەنداو و نیگەرانین لە تێکچوونی بارودۆخی یەمەن و ئیدانەی هێرشەکانی عەدەن دەکەین، چونکە ئاسایشی یەمەن وابەستەی ئاسایشی ناوچەی کەنداوە، پێویستە قەیرانی یەمەن بە شێوەیەکی سیاسییانە چارەسەر بکرێت''.