چه‌ند هێرشێكی خۆكوژی له‌ یه‌مه‌ن 300 قوربانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

چه‌ند هێرشێكی خۆكوژی له‌ یه‌مه‌ن 300 قوربانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌
رێكخراوی تیرۆریستی داعش به‌رپرسیارێتیی خۆی له‌و ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییانه‌ راگه‌یاند كه‌ دوێنێ له‌كاتی نوێژی هه‌ینیدا له ‌دوو مزگه‌وتی شاری سه‌نعای پایته‌ختی یه‌مه‌ن ئه‌نجامدران.

ئه‌و دوو مزگه‌وته‌ له‌و مزگه‌وتانه‌ بوون كه‌ حوسییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو روویان تێكردووه‌.

ئه‌و هێرشانه‌ كه‌ كوژرانی نزیكه‌ی 140 كه‌سیان لێكه‌وته‌وه‌، به‌ توندترین هێرش داده‌نرێن كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا له‌م وڵاته‌ رووده‌ده‌ن كه‌ تێیدا واشنتۆن به‌ فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر رێكخراوی قاعیده‌ له ‌دوورگه‌ی عه‌ره‌ب كه‌ به‌ لقی رێكخراوی تیرۆرستی قاعیده‌ له‌ یه‌مه‌ن، داده‌نرێت.

به‌م دواییانه‌ و به‌دیاریكراوی پاش ئه‌وه‌ی حوسییه‌كان له‌ساڵی رابردووه‌وه‌ كۆنتڕۆڵی سه‌نعای پایته‌ختیان كردووه‌، پشێوییه‌كی ئه‌منیی فراوان رووی له‌م وڵاته‌ كردووه‌.

له‌میانه‌ی هێرشه‌كانی دوێنێدا چوار خۆكوژ كه‌ پشتێنی بۆمبڕێژكراویان له‌خۆیان به‌ستبوو، نوێژخوێنه‌كانیان له ‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی دوو مزگه‌وتی پایته‌ختی یه‌مه‌ن كرده‌ ئامانج.

ئاژانسی هه‌واڵی سه‌به‌ئـ كه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی حوسییه‌كاندایه‌ رایگه‌یاند، ژماره‌ی قوربانییه‌كانی ئه‌و دوو هێرشه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 137 كوژراوو 357 بریندار.

دوابه‌دوای رووداوه‌كه‌ش نه‌خۆشخانه‌كان له‌پێناو رزگاركردنی ژیانی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ بریندارانی هێرشه‌كان، داوایان له ‌هاوڵاتیان كرد خوێن ببه‌خشن.

هاوكات داعش له‌میانه‌ی به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، به‌رپرسیارتێی خۆی له‌ رووداوه‌كه‌ راگه‌یاند و به‌ڵێنیشدا هێرشی زیاتر ئه‌نجامبدات.
Top