شتانمایه‌ر: وتووێژ لەگەڵ بەشار ئەسەد گرنگە

شتانمایه‌ر: وتووێژ لەگەڵ بەشار ئەسەد گرنگە
لە دوای گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکا لە بەرامبەر سووریادا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش وتووێژی لەگەڵ بەشار ئەسەد، لەپێناو چارەسەری قەیرانی وڵاتەکەی بە نزیک زانی.

فڕانک شتاینمایه‌ر، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەمیانی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ رۆژنامەی (زود دویچە سایتونگ) رایگەیاندووە: "دوور نییە بەشێوەیەکی سەرەتایی وتووێژێک لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بەئامانجی چارەسەری قەیرانی ئەو وڵاتە بێتە ئاراوە".

شتاینمایه‌ر هەروەها رایگەیاندووە "کۆتاییهێنان بە تووندوتیژیی سووریا هەرتەنیا لە رێگەی وتووێژ دەبێت بۆ گەیشتنە رێگەچارەیەکی سیاسی، تەنانەت ئەگەر پێویست بێ لەگەڵ بەشار ئەسەدیش وتووێژ بکەین".

پێشتر جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئامادەیی وڵاتەکەی راگەیاند بۆ وتووێژ لەگەڵ بەشار ئەسەد بەئامانجی دەربازبوونی ئەو وڵاتە لە قەیران و جەختی لەوەکردەوە، کە ئامادەن وتووێژ بکەن لەپێناو بەڕێوەبردنی بڕگەکانی رێککەوتننامەکەی ژنێڤ بەئامانجی راگواستنی دەسەڵات لە سووریا. بەڵام بەریتانیا و فەرەنسا سوورن لەسەر ئەوەی کە بەشار ئەسەد نابێت هیچ ئایندەیەکی هەبێت لەو وڵاتەکەی و جەخت لە رۆیشتنی دەکەنەوە.






رووداو
Top