رەفسەنجانی: دەبێ‌ لەگەڵ ئەمریكا پەیوەندی بگرین

رەفسەنجانی: دەبێ‌ لەگەڵ ئەمریكا پەیوەندی بگرین
عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی”، سەرۆكی كۆڕی دیاری‌كردنی بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین لێدوانی رۆژنامەنووسیدا باسی پێویستیی دامەزرانی پەیوەندیی ئێران و ئەمریكا دەكات و پێی وایە دەبێ‌ ئەمریكا بە شێوەی هاوبەش كاریان لەگەڵ بكات.

هاشمی رەفسەنجانی وێڕای پشتیوانی لە حكوومەتی رۆحانی گوتوویەتی: “ئەو لە كاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا زیاتر لە دەسەڵاتی پۆستەكەی بەڵێنیی بە خەڵك داوە.

رەفسەنجانی لە نوێترین دیداری رۆژنامەنووسیی لەگەڵ رۆژنامەی “ئافتابی یەزد” كە رۆژی شەممە 14 ـ 3 ـ 2015 بڵاو كراوەتەوە، گوتوویەتی یەك لەو بەڵێنانەی كە حەسەن رۆحانی بە خەڵكی دا، پرسە سیاسییەكان بوو و پرسێكی دیكەش ئازادییە ناوخۆیییەكان و پرسی كار و ئابووری بوون كە ئەو زیاتر لە دەسەڵاتی خۆی بەڵێنیی بە خەڵك دا و هیچیان جێبەجێ‌ نەكراون.

رەفسەنجانی لە درێژەدا جەختیشی كردووەتەوە، دەبێ‌ حەسەن رۆحانی بزانێت كە بڕیاردان لەبارەی ئەو پرسە گرنگانەوە بەدەستی شوێنگەلێكی ترە، بەڵام ئاماژەی بەو ناوەندانەی دەسەڵات نەكردووە.

رەفسەنجانی لەو دیمانەیەدا دەڵێ‌: “دەبێ‌ بهێڵن سەركۆمار وادە و بەڵێنەكانی خۆی بەجێ‌ بگەیەنێ‌ و هاوكات گوتیشی “ناوەندەكانی دەسەڵات ناهێڵن رۆحانی سەربكەوێ‌”.

پێشتریش چەندین سیمای ناسراوی بەناو ریفۆرمخوازی ئێران رەخنەیان لە سیاسەتەكانی رۆحانی گرتبوو كە لەباری ناوخۆییەوە سیاسەتی لاوازە و چەند وەزارەتێكی وەك ناوخۆ و كولتوور و پەروەردە رەخنەیان لە حكوومەتی رۆحانی گرتبوو.

رەفسەنجانی، لە بەشێكی دیكەی دیمانەكەیدا ئاماژەی بە سیاسەتی دەرەكیی حكوومەتی رۆحانی كرووە و دەڵێ‌: “ئەگەر ئیزن و مەیدان بە رۆحانی بدرێت سیاسەتی دەرەكی كە سیاسیەتێكی گرنگە، دەكرێ‌ چارەسەر بكرێت، چونكە لەم بارەوە زەخت و گوشارێكی زۆر لەسەر خەڵكە، ئەگە سیاسەتی دەرەكی چارەسەر بكرێت، دەكرێ‌ وادە و بەڵێنیی كار و پیشە و ئاوەدان كردنەوە بە باشی پێش بكەوێت.”

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیمانەیەدا ئاماژەی بە دامەزرانی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا كردووە و جەختی كردووەتەوە: “من لە سەردەمی ئیمام خومەینیشدا نامەم بۆ نووسی و باسی حەوت پرسم كرد و نووسیم دەبێ‌ هەتا لە دنیا دان ئەو كێشانە چارەسەر بكات، چونكە لەو باوەڕەدا بووم پاش مەرگی ئەو ئەو پرسانە بۆ هەمیشە دەبنە قەدەغە و كەسیش ناوێری چارەسەریان بكات.”

رەفسەنجانی لە درێژەدا دەڵێ‌: “روانگەی من ئەمەیە. ئەگەر ئەمریكا ئامادە بێت بە شێوەی هاوبەش كارمان لەگەڵ بكات، من هۆ و بەربەستێك نابینم كە ئەم پەیوەندییە دانەمەزرێ‌. بەڵام ئەمە مافی كەسانی دیكەیە و من ناتوانم لەجیاتی خەڵكانی دیكە ئەم كارە بكەم.”

بەشێكی دیكەی ئەو دیمانەیەی رۆژنامەی “ئافتابی یەزد” تەرخان كراوە بۆ پەیوەندیی ئێران و عەرەبستان و رەفسەنجانی دەڵێ‌: “رێككەوتنی من و مەلیك عەبدوڵڵایان تێك دا، چونكە من پلانم هەبوو و رێككەوتنیشی لەسەر كرا كە دانوستاێكی درێژخایەنمان لەگەڵ “مەلیك عەبدوڵلا” پاشای كۆچكردووی عەبەستان هەبێت، كە لە سەردەمی حكوومەتی ئەحمەدی نەژاددا ئەو رێككەوتنە تێك درا. باسی لەوەش كردووە كە ئێمە دەبێ‌ عەرەبستان بە هاوڕی و نزیكەكانی خۆمان بزانین و ئەوكات بەو ئەنجامەش گەیشتین كەلە ناوچەكە 6 هەتا 7 كۆمیسیۆنی هاوبەشمان هەبێت.”

لە درێژەدا دەڵێ‌: “ئێمە لەگەڵ سعوودیا ئەو رێككەوتنەمان واژۆ كرد. ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییش داوای لە من كرد كە ئەم پرسە چارەسەر بكەم و بە باشیش چارەسەر دەكرا، بەڵام بەربەستیان ساز كرد و سەری نەگرت.”

رەفسەنجانی ماوەی نزیك بە یەك دەیەیە بەهۆی رەخنەی لە عەلی خامنەیی و لایەنگرانی لەناو پێكهاتەی حكوومەت بە جۆری:َ پەراوێز خراوە و هەتا ئێستە دوو جار لە هەڵبژاردنی سەركۆماری و جارێكیش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی خوبرگا لە لایەنگرانی عەلی خامنەیی شكستی خواردووە.
Top