وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: عەرەبە بێوەفاکان سەرببڕن
ئەوانەی لەگەڵ ئێمەن، شایەنی هەموو شتێکن، بەڵام ئەوانەی دژی ئێمەن، هەقە بە تەور سەریان لە لاشەیان جیابکرێتەوە"، لیبەرمان وا دەڵێت.
قسەکانی لیبەرمان لەلایەن نوێنەرانی کەمینەی عەرەب، کە لە 20%ی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن، ناڕەزایی تووندی لێکەوتەوە. ئەحمەد تیبی سەر بە لیستی پارتی یەکێتی لیستی عەرەبی قسەکانی لیبەرمانی بە کردەوەکانی داعش بەراورد کرد.
لیبەرمان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو عەرەبانە کرد، کە لە یادی دامەزراندنی ئیسرائیلدا پەڕۆی رەشیان هەڵکردووە، دەڵێت "ئەوانە جێگایان ئێرە نییە، من بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم پێیان بڵێم با بچن بۆ لای سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباس".
ئەوە یەکەمجار نییە لیبەرمان لێدوانی تووند ئاراستەی عەرەبەکان بکات، مانگی رابردوو بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە کە ئەو ئامادەیە بڕیاری لەسێدارەدان دژی "تیرۆریستان"ی فەڵەستینی جێبەجێ بکات.
تا ئێستایش وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل یەکەم وەزیرە لە دنیادا کە بە فەرمی لەناو وڵاتەکەی خۆیدا ناژی کە نوێنەرایەتی دەکات، ئەو ماڵەکەی لە خانوویەکدایە کە دەکەوێتە ئەو بەشەی کەنارەکانی رۆژئاوا، کە هێشتا لەژێر دەستی ئیسرائیلدایە.
بە گوێرەی ئامارەکانی هەڵبژاردن لە ئیسرائیل کە هەفتەی رابردوو بڵاوکراوەتەوە، ئەوە نیشاندەدات کە سەرۆکی پارتی ئۆپۆزیسیۆن هەرزۆگ دەتوانێت حکومەتێکی کولیسیۆنی پێکبهێنێت لەگەڵ پارتە راستڕەوەکەی لیبەرمان و وەزیری ئابووری ئێستا.
سەرۆکوەزیرانی ئێستا، ناتانیاهۆ، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دەستێکی دەرەکی نایەوێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا سەربکەوێت، ئەگەرچی ئەو ئاشکرای نەکرد ئەو دەستە کێیە، بەڵام پێدەچێت مەبەستی ئەمریکا بێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئەڤیگدۆر لیبەرمان لە جوولەکەکانی رووسایە و لە ساڵی ٢٠١٣ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلی وەرگرتووە.
روداو