ئۆباما وەڵامی کۆمارییەکان دەداتەوە
٤٧ سیناتۆری ئەمریکی کۆماریی لە نامەیەکی کراوەدا رۆژی دووشەممە ٩ی ئادار هۆشدارییان بە ئێران دابوو، کە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران تەنیا رێککەوتنی نێوان ئۆباما و خامنەییە و دوای تەوابوونی ماوەی سەرۆکایەتی ئۆباما، رێککەوتنەکەش کۆتایی پێدێت.
بەڵام ئۆباما دوای تەنیا یەک رۆژ لە بڵاوبوونەوەی نامەی کۆمارییەکان، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوەی لە هەندێک لە ئەندامانی کۆمارییەکان دەبینرێت، تا رادەیەک دژییەکی تێدایە، چونکە ئەوان دەیانەوێت خۆیان لە پێگەیەکی توونددا بەرامبەر ئێران نیشانبدەن، ئەم کارەش وەک هاوئاهەنگییەکی نامۆ وایە.
باراک ئۆباما گوتی: "من پێم وایە دژییەکییەک لە نامەکەی ئەندامانی کۆنگرێسدا هەیە کە دەیانەوێت تووندی بەرامبەر ئێران نیشانبدەن و هاوتەریبی تووندڕەوەکانی ئێرانن، ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە کە بزانین دەتوانین بگەینە رێککەوتن یان نا، ئەگەر توانیمان ئەوە بکەین، ئەوە دەبێتە کەیسێک کە بۆ هەموو خەڵکی ئەمریکایە، باوەڕیشم بەوە هەیە توانای ئەنجامدانی ئەو کارەمان هەیە".