واشنتن پۆست: داعش بە دەستی داڕمانی ناوخۆییەوە دەناڵێنێ

واشنتن پۆست: داعش بە دەستی داڕمانی ناوخۆییەوە دەناڵێنێ
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی رایگەیاند، رێکخراوی داعش بە دەستی داڕمانی ناوخۆییەوە دەناڵێنێ و بەهۆی شکستهێنانی ئایدیۆلۆژیاکەی چەکدارانی و لایەنگرانی بیانی رێکخراوەکە تووشی شۆک بوونە.

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە راپۆرتێکدا زۆرتر دەڵێ: "بەهۆی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی داعش و جیابوونەوە و هەڵگەڕانی چەکدارانی رێکخراوەکە، ئاماژەکانی داڕمانی نێوخۆیی لە نێو داعشدا سەریانهەڵداوە".

رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە "چەکدارانی لۆکاڵی داعش بەهۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی جیاکاری بەرامبەریان تووشی شۆکبوون، لە بەرامبەردا چەکدارانی بیانی رێکخراوەکە هەمان شێوە تووشی شۆکبوون". واشنتن پۆست ئەوەش ئاشکرا دەکات کە "راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هەوڵە دڕندەکانی داعش بۆ رێکخستنی خەڵکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بۆ ناردنیان بۆ بەرەکانی جەنگ شکستیان هێناوە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زۆرتربوونی شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە دژی ئامانجەکانی".

ئەمە لەکاتێکدایە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فەرماندەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و سوپای عێراق باس لە لاوازبوونی توانای هێرشکردن و بەرگریکردنی گرووپی داعش دەکەن و دەڵێن شکستەکانی ئەم دواییەی گرووپەکە لە کەرکووک و تکریت و ئەنبار بەڵگەی زەقی ئەو راستییەن.






روداو
Top