كورد هاوخەمی خۆیان بۆ قوربانیانی كۆپنهاگن دەردەبڕن
هاووڵاتیانی كورد بە ئاڵایەكی گەورەی كوردستانەوە ئامادەی بۆنەی رێزلێنانی ئەو قوربانیانە بوون كە لەمدواییەدا بە دەست لایەنگرانی دەوڵەتی ئیسلامی لە كۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارك كوژران.
لارس ئاسلان راسموسن، كە لە باوكێكی كورد و دایكێكی دانیماریكییە و سەر بە پارتی سۆشیال دیموكراتەكانە، ئامادەی ئەو مەراسیمە بوو كە هەفتەی رابردوو بۆ قوربانییەكان رێكخرا.
هەروەها شای دانیمارك و سەرۆك وەزیرانی دانیمارك، هێلە تۆرنین-شمیت و زۆربەی سیاسەتمەدارانی دانیمارك و سەركردەكانی وڵاتانی سكاندەناڤیا ئامادەبوون.
"ئێستا ئێمە هەست بەو ترسە دەكەین كە تیرۆریستان دەیانەوێت بیخولقێنن". سەرۆك وەزیرانی دانیمارك لەگەڵ ئەو قسانەدا داوای یەكێتی نیشتیمانیی كرد.
یادكردنەوەكە لە نزیك كافێیەكدا بەڕێوەچوو كە پێشتر كەسێكی تەمەن 22 ساڵ بەناوی عومەر ئەلحوسەینی بە دەستڕێژی گوللە هاووڵاتییەكی كوشت. عومەر كە دانیماركییەكی بە رەگەز فەلەستینی بوو، چەند كاژێرێك دواتر لەلایەن پۆلیسەوە كوژرا، بەڵام دوای ئەوەی كە لە پەرستگایەكی جووەكانیش، پاسەوانێكی خۆبەخشی كوشت.
لە هەموو دەزگا و دامەزراوە دەوڵەتیەكانی دانیمارك ئاڵای وڵات تا نیوە هێنرایە خوارەوە و كوردی ئەو وڵاتەش كە ژمارەیان 3000 كەس دەبێت، ئاڵای گەورەی كوردستانیان شەكاندەوە.
كوردی دانیمارك ئەو هێرشەیان مەحكوم كرد و بەبیریان هێنایەوە كە هەمان ئەو بیركردنەوە توندڕەوە، باشوور و رۆژئاوای كوردستانی تووشی شەڕ كردووە. ئەو بیرە توندڕەوە كە داعش رێبەرایەتی دەكات، ئێستا مەترسی تیرۆر بە سەرانسەری ئەوروپادا بڵاودەكاتەوە.
لە یادەكەدا كورد ئامادەبوونی خۆیان بە نمایشێكی میوزیكی بەهێزتركرد: فوئاد تالای، سازژەنی پێشووی شڤان پەروەر، گۆرانییەكی كوردی چڕی و زۆر رێكخراو و پارتی كوردی باكوور و باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان ئامادەی یادەكە بوون.
عەدنان ئاغاجان، سەرۆكی كۆنفیدراسیۆنی كوردی لە دانیمارك چەپكە گوڵێكی لە بەردەم پەرستگاكەدا دانا، ئەو شوێنەی كە هێرشبەرەكە پاسەوانەكەی تێدا كوشت.
ئاغاجان بە (رووداو)ی راگەیاند "هەمان ئەو دوژمنە جیهادییەی كە ئێمە لە كوردستانی عێراق و كۆبانی شەڕیان لەگەڵ دەكەین، لە پشت ئەم هێرشەی كۆپنهاگنەوە بوو". گوتیشی "هەرچەندە دوژمن چەند ناوێكی جیاوازی هەیە، بەڵام هەمان ئایدۆلۆژیایە".
لە پایزی ساڵی رابردوودا، كورد لە چەندین شوێنی ئەوروپا لەگەڵ لایەنگرانی داعشدا دەستەویەخە بوونەوە، لە نێویشیاندا شاری هێرفۆرد و چێلێی ئەڵمانیا كە چەند كوردێك برینداربوون.
ئاغاجان نەیشاردەوە كە ئەو ترسی هەیە لەوەی لایەنگرانی داعش هێرش بكەنە سەر كوردی دانیمارك و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا "هەڕەشەكە لە هەموو شوێنێكی ئەوروپادایە". ئەو گوتی "ئێمە بووین بە ئامانج، لەبەرئەوەی لە سووریا و عێراق شەڕی ئەوان دەكەین".
بۆ نیشاندانی هاوڕێیەتی نزیكی نێوان موسڵمان و جوو لە دانیمارك، ئۆزلەم چەكیج پەرلەمانتارێكی موسڵمان و كوردی دانیمارك دەست لەناو دەست لەگەڵ رابی بێنت مێلچێور راوەستابوو.
"رق و كینە بە رق و كینە وەڵام نادرێتەوە"، ئۆزلەم هەروەها گوتی "وشە و دیالۆگ ئاشتی دێنن، لەبەرئەوە پێویستە جەخت لە خۆشەویستی و پەیوەندی دوو لایەنە بكەینەوە. كۆمەڵگە دیموكراتییەكەی ئێمە زۆر لە ترسی تیرۆر بەهێزترە".
ساڵح موسلم، سەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) لە سووریا لە رێگەی نیكۆلاژ ڤیلمسن، پەرلەمانتاری دانیماركیەوە سەرخۆشیی خۆی ئاراستەی خەڵكی دانیمارك كرد.
"من هاوخەمی خۆم بۆ دانیمارك دەردەبڕم، ئامانجێكی هاوبەشمان هەیە لەشەڕی توندڕەویدا. ئیدی لە رۆژئاڤا بێت یان لە ئەوروپا".
ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند كە پەیامەكە ئەوەیە ئەم شەڕە دژی توندڕەوەكانە و ململانێی نێوان ئیسلام و رۆژئاوا نییە، بەڵكو شەڕی نێوان دیموكراسی و بیری توندڕەوییە.
ئەو پەرلەمانتارە شەڕەكەی وەها ناوبرد كە شەڕی نێوان لایەنگرانی ئاشتی و هەمەڕەنگییە لەگەڵ ئەوانەی كە ترس و یەكڕەنگییان دەوێت.
ئەحمەد دەمیر، راوێژكاری كۆمەڵایەتی كە كوردێكی باكووری كوردستانە، پاسەوانە كوژراوەكەی دەناسی كە دان ئوزانە و دەڵێت بە بیستنی هەواڵەكە تووشی شۆك بووە "بڕوام نەدەكرد، ئوزان كەسێكی زۆرباش بوو. بەڕووی هەموو كەسێكدا كراوەبوو، هەقی بەسەر ئەوەوە نەبوو كە تۆ موسڵمانی، كریستیانی یان جوو. هەموو كەسێكی بە مرۆڤ دەزانی".
عومەر ئەلحوسەینی، هاووڵاتییەكی دانیماركی بوو كە پەیوەندی بە گرووپە توندڕۆكانەوە هەبوو. پێش هێرشەكە بە دوو هەفتە لە زیندان ئازادبووبوو كە هەر بە تاوانی هێرشی توندوتیژی خرابووە زیندان.
هێرشەكەی كۆپنهاگن دوای دوو مانگ لە هێرشی توندڕەوەكان هات بۆ سەر گۆڤاری چارلی هێبدو لە پاریس. ئەو گۆڤارە كاریكاتێری تەنزئامێزی بڵاودەكردەوە.
هونەرمەندی سویدی لارس ڤیلكس كە پێشتر هەڕەشەی كوشتنی لەسەر كارەكانی لێكراوە و باڵیۆزی فەڕەنسا فرانسس زیمەر لە شوێنی هێرشەكەدا ئامادەبوون، بەڵام هیچیان لەو هێرشەدا بەرنەكەوتن.