چیک تیمى پزیشکى رەوانەى عێراق دەکات

چیک تیمى پزیشکى رەوانەى عێراق دەکات
بە مەبەستى چارەسەرکردنى بریندارانى پێکدادانەکانى نێوان سوپاى عێراق و چەکدارانى سەر بەرێکخراوى دەوڵەتى ئیسلامى (داعش)، کۆمارى چیک ئامادەیی خۆى دەربڕی بۆ ناردنى تیمى پزیشکى و دامەزراندنى کارگەیەکى تایبەت بە دروستکردنى دەست و پێی دەستکرد لە چوارچێوەى هاوکاریکردنى عێراق لە شەڕى دژى داعش.
لە میانى کۆبوونەوەى لەگەڵ ئەلیکسەندەر لانکر باڵیۆزى کۆمارى چیک لە عێراق و پیتەر ریباک سکرتێرى یەکەمى باڵیۆزخانەو شاندێکى یاوەرى، عەقیل مەحمود خەزعەلى بریکارى وەزیرى ناوخۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایی لە بەیاننامەیەکدا گوتى: "شاندى کۆمارى چیک جەختیان لەسەر رەوانەکردنى تیمى پزیشکى تایبەت بە چارەسەرکردنى بریندارانى جەنگ کردەوە، لەگەڵ دامەزراندنى کارگەیەکى تایبەت بە دروستکردنى دەست و پێى دەستکرد بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى عێراق".

گوتیشی: "هەروەها باس لە چۆنیەتى مەشقپێکردنى پزیشکانى عێراقی کرا لە کۆمارى چیک و دامەزراندنى سەنتەرێکى تایبەت بە چارەسەرکردن و راهێنانەوەى بریندارانى جەنگ لە عێراق"، بە بەپێى بەیاننامەکە " باڵیۆزى چیک پشتگیرى حکومەتى وڵاتەکەى بۆ حکومەتى عێراق دژى گرووپە چەکدارەکان دووپاتکردوەتەوە".







رووداو ـ هەولێر
Top