ئێران: قسەکانی ناتانیاهۆ درۆن
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران، مەرزیە ئەفخام، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند:" قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل شتێکی نوێی تێدانییە، جگە لە درۆ نەبێ".
ئەفخام داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش کرد، رێزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگرێت و ئەوەندە درۆ دووبارە نەکاتەوە".
دوێنێ سێشەممە 3-3-2015، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێكدا كە لە كۆنگرێسی ئەمریكا پێشكەشیكرد، رایگەیاند ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەڕەشەش لەمانەوەی ئیسرائیل دەکات، بەڵام باراک ئۆباماش بەهەمانشیوە رایگەیاند، قسەکانی ناتانیاهۆ هیچی نوێی تێدا نەبوو.
مەرزییە ئەفخام لەبارەی داوای ناتانیاهۆ بۆ کۆتاییهێنان بە دانوستاندنە ئەتۆمییەکان رایگەیاند:" قسەکانی ناتانیاهۆ بۆ ئێران هیچ گرنگییەکیان نییە و چی دەڵێن با بیڵێن." گوتیشی " ئێران بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکان لەگەڵ وڵاتان لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکان تا ئەوکاتەی دەگەنە رێککەوتنێکی گونجاو".
رووداو