رابەری سەلەفییەكانی ئوردن: ئیسلام بێبەرییە لە داعش

 رابەری سەلەفییەكانی ئوردن: ئیسلام بێبەرییە لە داعش
رابەری رۆحی رەوتی سەلەفییەكانی ئوردن، كە دوای سێ مانگ زیندانی لە ئوردن ئازادكرا، رایگەیاند، ئیسلام بێبەریە لە داعش.

عیسام بەرقاوی، رابەری رۆحی رەوتی سەلەفییەكانی ئوردن، كە نازناوی ئەبو محەممەدی مەقدیسییە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "مانگێك دانوستاندنم لەگەڵ رێكخراوی داعش كرد لە هەوڵی ئازادكردنی موعاز كەساسیبە، لە بەرامبەر ئازادكردنی ساجیدە ریشاوی و كەسانی دیكە، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە شكستیان هێنا، نامەم رەوانەی ئەبوبەكر بەغدادی، (خەلیفەی داعش) كردو پەیوەندیم بە ئەبو محەممەدی عەدنانی و ئەبو محەممەدی موسڵی كرد، كە پێشتر لەلایەن بەغدادییەوە بۆ دانوستاندن راسپێردرابوون، بەڵام لە كۆتاییدا ئاشكرابوو، كە ئەوان فێڵ و درۆ دەكەن".

ئەبو محەممەدی مەقدیسی دەشڵێ "دڵنیایان كردمەوە، كە ئەوان خەمی ریشاوییانە و کەساسیبەی فڕۆكەوانی ئوردنی هێشتا زیندووە، بەڵام داوام لێكردن گرتەیەكی ڤیدۆییم بۆ بنێرن، کە بیسەلمێنی فڕۆكەوانەكە زیندووە، بەڵام ئەوان بەردەوام خۆیان دەدزییەوە، تاوەکو ئەوكاتەی بۆم ئاشكرابوو، كە ئەوان لە هەفتەی یەكەمەوە فڕۆكەوانەكەیان كوشتووە".

رابەری رۆحی رەوتی سەلەفییەكانی ئوردن لەبارەی سوتاندنی فرۆكەوانە ئوردنییەكەوە دەڵێ، "ئەوان زۆر شێوازی خراپیان داهێنا، یەكەمیان سەربڕین، تا ئەو رادەیەی خەڵكێكی زۆر وایزانی سەربڕین سوننەتێكی پێغەمبەرە، ئەوان جیهادی بەزۆریان لە سووریا سەربڕی".

ئەبو محەممەدی مەقدیسی دەشڵێ، داعش لەو پرسە فەرموودەیەكی پێغەمبەر لەو دەمەی قورەیشییەكان گەمەیان پێكرد، كە دەڵێ (یا معشر قریش لقد جئتكم بالذبح... ئەی قورەیش بە سەربڕین بۆتان هاتووم) بە بیانوو دەهێننەوە، بەڵام خۆیان لە مامەڵەی پێغەمبەر لە رۆژی چوونە نێو مەكە دوور دەگرن، ئەو دەمەی پێغەمبەر بە سەدان تاكی قورەیشی گوت، بڕۆن ئێوە ئازادن، ئەوكاتیش ئەوانی لە دوژمنێكەوە بۆ شوێنكەوتووی خۆی گۆڕی".

رابەری رۆحی رەوتی سەلەفییەكانی ئوردن هاوكات لە داعش دەپرسێ و دەڵێ "چ بەرژەوەندییەك لەم هەڵسوكەوتانە بەدەستدێت؟ ئایا شەڕ بە سووتاندن دەوەستێ"، ئاماژەش بەوەدەكات، كە داعش فەرموودەكەی ئیبن تەیمییەیان بەشبەش كردووەو دەڵێ "خەڵكێكی زۆری شوێنكەوتووی داعش لە ئوردن و دەرەوەی ئوردن ئاشنا دەبن، بەوەی كە بەم هەڵسوكەوت و سەركێشییانە، بەرژەوەندی زۆریان لەدەستداوە".

مەقدیسی كە پێشتر مامۆستای ئەبو موسعەبی زەرقاوی بوو هەروەها رایگەیاندووە، کە خەلافەت بەم شێوەیە نییە، "گەنجانێكی زۆر كە پەیوەندیان بە داعشەوە كردووە بە ناوی خەلافەت و دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەڵخەڵەتان، ئامانجی خەلافەت كۆكردنەوەی مسوڵمانانە". مەقدیسی باسی سەركردەكانی داعشیش دەكات و دەڵێ "بە خوێندنەوەی سروشتی سەركردەكانی رێكخراوی داعش، دەردەكەوێ كەسایەتی دەستڕۆیشتوو هەن، كە تا دوێنێ بەعسی بوون".

رابەری رۆحی رەوتی سەلەفییەكانی ئوردن گوتەكانی ئاراستەی ئەو دەستڕۆیانەی داعش دەكات و لێیان دەپرسێ "تا دوێنێ سەر بە حیزبی بەعس بوویت و مسوڵمانانت دەكوشت و ئەشكەنجەت دەدا، ئەمڕۆش لە خەلافەتدای.. كام خەلافەتە ئەمە؟".

رۆژی سێشەممە 3ـی شوباتی 2015، داعش لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، بە زیندوویی سووتاندنی مەعاز کەساسیبە، فڕۆکەوانی سەربازیی ئوردنی راگەیاند، کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2014ـەوە کەوتبووە دەستی داعش.





رووداو
Top