داوودئۆغڵو: لە بەردەم هەدەپەدا سێ ڕێگا هەن.. پێویستە ڕاستگۆ و نیازپاك بێت

 داوودئۆغڵو: لە بەردەم هەدەپەدا سێ ڕێگا هەن.. پێویستە ڕاستگۆ و نیازپاك بێت
سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو) لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی هاوبەشی هەر دوو كەناڵی تەلەڤزیۆنی كەناڵ 7 و ئولكە تی ڤیدا باسی چەندین پرسی گرینگ و رۆژەڤی سیاسیی توركیا و ناوچەكەی كرد.
لە بارەی قۆناغی چارەسەرییەوە (داوودئۆغڵو) گوتی: "ڕاست نییە كە ئەگەر قۆناغی چارەسەری بە ئاستی توانایی و كارایی هەدەپە ببەستینەوە، چونكە ئەو پڕِۆسەیە پڕۆسەی هەڵبژاردنێك نییە و پڕۆسەیەك نییە كە لە ئیرادەی پارتیێكی سیاسیدا بێت، نە تەنیا هەدەپە و ئاك پارتی، بەڵكو خەڵك بە گشتی خاوەنداریێتی لەو پڕۆسەیە دەكات".
لە وەڵامی پرسیارێكی دیكەدا لە بارەی پلانەكانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردن و تێپەڕاندنی بەربەستی سەدا 10ـی هەڵبژاردن لە لایەن هەدەپەوە، (داوودئۆغڵو) گوتی: "ناتوانین هیچ حیسابێك لەسەر سندووق بكەین، كاتێك كە باس لە سندووق دەكرێت ئەوانەی كە پێشتر پلانیان داناوە، پلانەكانیان سەر ناگرن، بۆیە پێویستە هەموومان پێكەوە سەیر بكەین تا بزانین چی روو دەدات."
سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتیشی: "پێویستە هەدەپە بەرپرسیارەتیی ئەنجامی ئەو بڕیارەی كە داویەتی بگرێتە ئەستۆ، پێویستە لە سەرەتاوە ئەمە بە هەدەپە بگوترێت، یاساكانی یارییەكە روونن و ئەگەر تۆ لە چوارچێوەی ئەو یاسا و ریسایەدا بەشداریی هەڵبژاردن دەكەی، ئەوا كەوتوویتە نێو یارییەوە و سەركەوتوو دەبیت و بەربەستی سەدا 10 تێدەپەڕێنی و، ئەمەیش دەستكەوتێكی گرینگە، لە بارودۆخێكی وەهادا هەدەپە بۆ خۆی بڕیاری خۆی دەدات، بەڵام بە گشتی نابێت وا بكات و بیر لەوە بكاتەوە كە ئەگەر سەركەوتوو بم، ئەوا ژمارەی پەرلەمانتارەكانم دەبێتە 50 یا 60 یا 70 و، بەو جۆرە دەبمە ئەكتەرێكی كاریگەر لە توركیا، ئەم ئەنجامە كاتێك دەردەكەوێت كە بە گشتی سەركەوتوو بێت و ئێمەیش رێزی لێ دەگرین، بەڵام چۆن رێز لەو ئەنجامە دەگری دەبێت بە هەمان شێوە بەرپرسیارەتی ئەو ئەنجامانەیش بگریتە ئەستۆی خۆت كە ئەگەر هاتوو سەركەوتوو نەبووی."
(داوودئۆغڵو) دەیشڵێ: "پێویستە هەدەپە راستگۆ و نیازپاك بێت و لە دوای هەڵبژاردن دەست بە گفتوگۆكردن لەسەر مەشروعیەتی هەڵبژاردن نەكات، با باش بیر بكەنەوە و بڕیاری خۆیان بدەن و ئێمەیش هەمیشە ئامادەین لە چوارچێوەی یاسا و ریساكاندا یاری بكەین و، ئەگەر ساڵی رابردوو پێشنیازەكانی ناوچەی بەرتەسككراویان بۆ هەڵبژاردن پەسەند كردبایا، ئەوا ئاستەنگێك بە ناوی بەربەستی سەدا 10 نەدەما، ئێمە وەكو ئاكەپە بۆ هەر شەرت و مەرجێك ئامادەین."
(داوودئۆغڵو) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "لە بەردەم هەدەپەدا سێ رێگا هەن، یا وەكو ئەندامی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردن دەكات، یا وەكو پارتی بەشدار دەبێت و بەربەستی سەدا 10 تێدەپەڕێنێت و ئەگەر ئەو بەربەستە تێبپەڕێنێت ئەوا وەكو مەهەپە و جەهەپە دەبێتە مۆخاتەبی سیاسیی ئێمە. یا بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات".
(داوودئۆغڵو) هاوکات باسی سەردانی شاندی هەدەپەی بۆ ئیمراڵی كرد و گوتی: "دانوستانەكان درێژەیان هەیە و پێویستە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكاندا چەك و رێبازە چەكدارییەكان بە توندی رەت بكرێنەوە. ئەوەی ئێمە چاوەڕوانی دەكەین ئەوەیە كە لەگەڵ نزیك بوونەوەی هەڵبژاردن كەش وهەوایەكی ئارام لە توركیا هەبێت و هەر جۆرە توند و تیژییەك و چەك و رێبازی چەكداری رەت بكرێنەوە."
Top