شینزۆ ئابێ: هەرگیز لە تیرۆریستان خۆش نابین.. زیاتر لە جاران پاڵپشتیی ئەو وڵاتانە دەکەین کە شەڕی داعش دەکەن

 شینزۆ ئابێ: هەرگیز لە تیرۆریستان خۆش نابین.. زیاتر لە جاران پاڵپشتیی ئەو وڵاتانە دەکەین کە شەڕی داعش دەکەن
دوێنێ شەممە داعش گرتەیەکی ڤیدیۆیی کوشتنی کێنجی گۆتۆ بارمتە ڕۆژنامەنوسە ژاپۆنییەکەی بڵاو کردەوە، دواتریش حکوومەتی ژاپۆن دڵنیایی کوشتنی گۆتۆیان ڕاگەیاند.
بی‌بی‌سی لە ڕاپۆرتێكدا نووسیویەتی، شینزۆ ئابێ سەرۆکوەزیری ژاپۆن گوتی هەرگیز لە تیرۆریستان خۆش نابین و، پاڵپشتیەکانمان بۆ ئەو وڵاتانەی شەڕی داعشیان تێدایە زیاد دەکەین.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی بی‌بی‌سی بێت ژاپۆن پێی وایە گرتنی ئەو دوو ژاپۆنییە لەبەر ڕاگەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکەی ژاپۆن بوو بۆ ئەو وڵاتانەی کە شەڕی داعشیان تێدایە.
حکوومەتی ژاپۆنیش ڕایگەیاند لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پێکەوە کار دەکەن بۆ ڕاپێچکردنی بکوژانی دوو بارمتە ژاپۆنییەکە بۆ دادگا.
دایکی کێنجی گۆتۆ بە گریانەوە گوتی ئەو چووبوو بۆ سووریا لەبەر بەخشندەیی و ئازایەتییەکەی.
هەر لە دوای ڕاگەیاندنی کوشتنی گۆتۆ، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە شەڕی داعش، بکوژانی گۆتۆیان ڕیسوا کرد.
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا جگە لە ڕیسواکردنی داعش گوتیشی، گۆتۆ لەڕێگەی ڕاپۆرتەکانیەوە ئازایانە تەنگ و چەڵەمەکانی خەڵکی سووریای بۆ جیهانی دەرەوە دەگواستەوە.
دەیڤد کامیرۆن سەرۆکوەزیری بەریتانیا و، فرانسۆ هۆڵاند سەرۆکی فەرەنسا و، تۆنی ئابۆت سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا جگە لە ڕیسواکردنی ئەو کارە دڵڕەقانەیەی داعش، سووربوونیان لە بەردەوامیی شەڕی داعش و تیرۆریستان، دووپات کردەوە و، هەماهەنگی و هاوکارییان بۆ ئەو دۆخە بەئازارەی ژاپۆن دەربڕی.
جێی باسە کێنجی گۆتۆی ٤٧ ساڵان، بەوە ناسرا بوو کە بە کارەکانی ئازارەکانی خەڵکی کۆستکەوتووی شەڕی دەگواستەوە بۆ جیهان.
Top